Accessibility links

لایەنگرانی سەدر دژ بە سەردانەکەی بلینکن بۆ عێراق خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن


پاش سەردانە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە محمەد شیاع سودانی، لایەنگرانی سەدر ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان لە دژی سەردانەکەی بلینکن ئەنجام دا.

ساڵح محەمد عێراقی ناسراو بە " وەزیرەکەی سەدر" لە زاری سەدرەوە داوای لە سەدرییەکان کرد دەستبەجێ بچنە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئیدانەکردنی سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ بەغدا بکەن.

ئەنتۆنی بلینکن شەوی یەکشەممە پاش سەردانێکی کورتی بۆ قوبرس گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەوێ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە.

بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا ڕایگەیاند " زۆر بە جوانی ئەوەم ڕوونکردەوە ئەو هێرش یان هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی جێگای قبوڵکردن نین و هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینە بەر بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان."

واشنتن ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەستی لەو هێرشانەدا هەیە کە سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق دەکەنە ئامانج.

گرووپێکی ناسراو بە "بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتی زۆربەی ئەو هێرشانەی گرتووەتە ئەستۆ کە بەپێی کەناڵەکانی تێلێگرام گرووپەکە سەر بە کوتلە عێراقییەکانی نزیک لە تارانە.

بلینکن گوتیشی هەبوونی ئەو جۆرە گروپانە لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە " ئەمە پەیوەندی بە سەروەری خاکی عێراقەوە هەیەو هیچ وڵاتێکیش نایەوێت گروپی چەکدار لە وڵاتەکەیدا هەبێت وکاری توندوتیژی بکەن.بە ڕوونی ئەمە لە دژی بەرژەوەندی عێراق و سەروەری خاکی عێڕاقە و هەرەوەها دژی بەرژەوەندییەکانی ئێمەشە. جا پێم وابێت ئێمە بەڵێن و بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە لەوەی دڵنیابین ئەم جۆرە هێرشانە ڕوونەدەن."

ئامارەکانی پنتاگۆن کە ڕۆژی هەینی بڵاویان کردۆتەوە دەریانخستووە کە لە نێوان 17ی ئۆکتۆبەر تا 3ی ئەم مانگە 17 هێرش لە عێراق و 12 هێرش لە سوریا ڕوویداوە.

نزیکەی 2500 سەربازی ئەمەریکایی لە عێراقن و ئەرکی ڕاوێژکاری هاوتا عێراقییەکانیان لە شەڕی دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیدا پێسپێردراوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی عێراق دەڵێت هەر پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سودانی بلینکن لە بەغدا دەرچووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع ئەلسودانی، ڕایگەیاند سودانی لەگەڵ بلینکن کۆبووەوە هەردوولایان تاوتوێی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماسدا کردووە.

XS
SM
MD
LG