بەپێی ئەو وێنانەی کە لەلایەن کاربەدەستانی فەلەستینیەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە، لە کەشێکی توندی ئاسایشیدا سەردانێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ کەناری ڕۆژئاوا ئەنجامدا و لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستینییەکاندا کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکەی بلینکن لە ڕامەڵا لەگەڵ مەحمود عەباس لە کاتێکدایە نیگەرانی جیهانی سەبارەت بە توندوتیژییەکان لە ناوچەکدا زیادیکردووە، دوای ئەوەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە لە 7ی مانگی دەوە دەستپێکردووە.
پاش هێرشە کوشندەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە بە گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، هەزار و 400 کەس کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون، بلینکن سێ گەشتی بۆ ئیسرائیل ئەنجام داوە و هەروەها سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی دیکەی عەرەبی کردووە.
بەڵام ئەمە یەکەم گەشتی بوو بۆ کەناری ڕۆژئاوا لە دوای هێرشەکانی 7ی مانگی دەوە.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی سەر بە حەماس لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەکەوە نزیکەی نۆ هەزار و 500 کەس لە هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون.
گەشتەکەی بلینکن بۆ کەناری ڕۆژئاوا لەبەر هۆکاری ئاسایشی پێشوەختە ڕانەگەیەندرا و دوای گەشتەکەی بوو بۆ ئوردن کە ڕۆژی پێشتر ئەنجامی دا.
دوابەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەمی ئوردن، بلینکن "نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژیەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و جەختی لەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا کردەوە بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا".
سەرچاوە: فرانس پرێس