Accessibility links

بلینکن ڕۆژی شەممە لە عەممان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆبووەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، 4ی مانگی یازدە لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆک وەزیرانی کاتی لوبنان کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی سێیەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە لە دوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل.

ئەنتۆنی بلینکن لەو دیدارەدا نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی تەقەکردن بەدرێژایی سنووری باشووری لوبنان لەگەڵ ئیسرائیلدا باسکرد و جەختی لەسەر گرنگی دڵنیابوون لە بڵاونەبوونەوەی ململانێی ئیسرائیل و حەماس لە شوێنەکانی دیکە کردەوە. بلینکن هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی لوبنانی کرد بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی لوبنان بۆ ناو شەڕەکە و هەروەها بۆ هەوڵەکانی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان بۆ بەدواداچوونی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

سەردانەکەی بلینکن دوای گەشتەکەی بۆ تەلئەبیب هات کە ڕۆژی هەینی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل لەوانە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆبویەوە وباسی لە پێویستی کاری زیاتر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل لەلایەن حەماسەوە وەک قەڵغانی مرۆیی و دانانی میلیشیاکانی لە شوێنی مەدەنیدا سەرکۆنەی کرد و ئاماژەی بەوەشکرد "نابێت خەڵکی مەدەنی ڕووبەڕووی دەرنجامی ڕەفتارە نامرۆڤانە و دڕندانەکانی ئەوان ببنەوە".

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە دوای دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانی لەوان حیزبوڵڵای لوبنان هۆشداری دا کە "بەرەی دووهەم یان سێهەمی شەڕەکە لە ناوچەکەدا نەکەنەوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەمەریکا بە توندی پشتیوانی لە مافی بەرگری کردنی ئیسرائیل لە خۆی دەکات، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا وەڵامی هێرشی گرووپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران داوەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە وەڵامدانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئوردنی و میسرییەکانی ڕۆژی شەممە، ڕایگەیاند کە ئاگربەست لە دۆخی ئێستای شەڕی غەزە، حەماس لە شوێنی خۆیدا دەهێڵێتەوە و ڕێگەی پێدەدات هێرشەکانی هاوشێوەی هێرشەکەی 7ی مانگی دە ڕێکبخاتەوە.

ئەنتۆنی بلینکن ئەو هەڵوێستەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبی کە بەردەوام داوای ئاگربەستیان کردووە، باس کرد.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە واشنتن و وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئەوە کۆکن کە دۆخی ئێستای غەزە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا ناتوانێت بەردەوام بێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ هاوتا عەرەبەکانیدا گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێگایەکی باشتر بۆ گەیشتن بە چارەسەری "دوو دەوڵەت"ی ئیسرائیل و فەلەستین.

سەرچاوە/ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG