Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پڕۆژە یاسای توندکردنەوەی سزاکانی سەر نەوتی ئێران پەسەند دەکات


ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 3ی ئەم مانگە بە 342 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 69 دەنگی نەخێر، پلانی توندکردنەوەی سزاکانی سەر نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی پەسەند کرد.

پلانەکە لە ژێر ناوی "وەستاندنی داڵدەدانی نەوتی ئێران" سزا بەسەر بەندەر و پاڵاوگەکانی دەرەوەدا دەسەپێنێت کە بەپێچەوانەی سزاکانی ئەمەریکا، نەوتی هەناردەکراو لە ئێرانەوە پرۆسێس دەکەن.

دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 400 کەس، یاسادانەرانی ئەمەریکا تاوتوێی چەند پلانێکیان بۆ گوشارخستنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە.

سەرەڕای پشتیوانی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە حەماس، حکوومەتی ئێران هەر جۆرە دەستێوەردانێکی لە هێرشەکەی 7ی مانگی دەی سەر ئیسرائیل ڕەتکردوەتەوە.

مایک لاولەر، کۆماریخواز و جارێد مۆسکۆڤیتز، دیموکرات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، پلانەکە "پەیامێکی ڕوون و بەهێز دەنێرێت بۆ ئەکتەرەکانی وەک چین، ڕووسیا و ئەوانی دیکە کە یارمەتی ئێران دەدەن بۆ دەربازبوون لە سزاکان."

بۆ ئەوەی پلانەکە ببێتە یاسا دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش واژۆی لەسەر بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ڕەنگە چین سەرەڕای سزا نوێیەکان، بەردەوام بێت لە هاوردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە.

هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای سزا بەرفراوانەکانی ئەمەریکا لە زیادبووندایە.

داتاکانی هەردوو کۆمپانیای "حەق ئینێرجی جەهان" FGA و " Vortexa " لە مانگی نۆ ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل بووە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی ئاماژەیان پێکراوە، ئەم ئامارە بەرزترین بووە لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا و 80%ی هەناردەی چین کراوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG