Accessibility links

شارەزایەکی سەربازی: ئێران هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئەمەریکا دادەنێت بۆیە پێویستە کورد ئامادەکاری بکات


KRG
KRG

بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، وەزارەتی بەرگری عێراق ئەمڕۆ هێزە چەکدارەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە دوای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، شارەزایەکی بواری ئاسایشی نیشتیمانیش دەڵێت پێویستە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ پێشهاتی نوێ لە ناوچەکەدا ئامادەبکات.

حەمدی گلی، لیوای خانەنیشین لە سوپای عێراق و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیراوە لەلایەن میلیشیاکانەوە. ئێران هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە ئەمەریکا دادەنێت، بەهۆی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە هەولێر. بۆیە پێویستە کورد ناوخۆی خۆی ڕێکبخات و یەک پلان و ستراتیژیەتی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکان."

لە ساتەوەختی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە ڕۆژی 7 ی مانگی دە، گروپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران چەندین جار بنکەکانی ئەمەریکایان لە نزیک شاری هەولێر کردووەتە ئامانج.

بەپێی ڕۆژنامەی واڵ سترتیت جۆرناڵی ئەمەریکی، دوێنێ پێنجشەمە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی لە نهۆمی سەرەوەی سەربازگەیەکی ئەمەریکی لە شاری هەولێر کەوتووەتە خوارەوە بەڵام نەتەقیوەتەوە. لە ئەگەری تەقینەوەیدا کوژران و برینداربوونی لە نێو سەربازانی ئەمەریکا لێدەکەوتەوە.

بەپێی زانیارییەکان لەماڵپەڕی فڕۆکەخانەی هەولێر، شەوی ڕابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 8 گەشتنی هاتن و 5 گەشتی ڕۆیشتن لە فرۆکەخانەی هەولێر هەڵوەشاوەتەوە. هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان هاوکاتە لەگەڵ مەترسی هێرشە درۆزنییەکان بۆ سەر دەوروبەری شاری هەولێر.

حەمدی گلی، دەڵێت، "کوردستان بە ئامانج گیراوە، دەیانەوێت نەرمی بەرامبەر زۆنێک بنوێنن و هێرش بکەنە سەر زۆنێکی تر، ئەمە شێوازی مامەڵەکردنی حەشدییانەیە، نەک مامەڵەکردن لەسەر بنەمای ستراتیژییەتی ئاسایشی نیشتمانی."

ئەو وتیشی، "ململانێی نەتەوەیی لە ناوچەکە نەماوە، ململانێکان گۆڕاون بۆ ململانێی فیقهی و مەزهەبی."

هاوکات لەگەڵ هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەریر و عەین ئەلئەسەدی پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی ئەمەریکا چەندین جار هۆشدارییان داوەتە میلیشیاکان و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیان لێکردوون، لە ئەگەری بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان.

حەمدی گلی، لیوای خانەنیشین و شارەزای بواری ئاسایشی نیشتمانی پێیوایە، ئەمەریکا وەڵامی بۆ میلیشیاکان دەبێت، "چونکە میلیشیاکان بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆی."

حەمدی گلی دەڵێت، "ئەمەریکا بە ئاشکرا پشتگیری ئیسرائیل دەکات، عێراقیش دیلی دەست ئەم دۆخە هەستیارەیە و سەرۆک وەزیرانەکەی ناتوانێت میلیشیاکان کۆنترۆڵ بکات. سودانی دەیەوێت باڵانس ڕابگرێت، بەڵام میلیشیاکان کە خاوەن هێز و دەسەڵاتن گوێی لێناگرن."

بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی سەربازی کە ئەمڕۆ لەلایەن میدیا عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق بە فەرمی هێزە چەکدارەکانی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و ژمارەیەک ڕێنمایشی ئاراستەی هێزە چەکدارەکان کردووە، کە خۆی لە دابەشکردنی تانک و جێگیرکردنی فڕۆکە و پاراستنی کۆگا سەربازییەکان دەبینێتەوە.

دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ ڕاستی بەڵگەنامەکە پشتراستبکاتەوە.

بە بڕوای ئەو شارەزایەی بواری ئاسایشی نیشتمانی، حکومەتی عێراق ترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی میلیشیاکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و ناوەندە دبلۆماسییەکان هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی سەدر داوای دەرکردنی نوێنەرایەتی دیبلۆماسی ئەمەریکا کرد.

حەمدی گلی دەڵێت، "ترس هەیە لە هەلقۆستنەوە لەلایەن شیعەی عەرەبییەوە، ئەوانەی کە دژی سیاسەتەکانی ئێرانن. ترس هەیە لە سەدرییەکان کە لە نێو حکومەتدا نین و لە دۆخەکە ناڕازین. ترس لە تشرینییەکان و جوڵەی سونە هەیە."

هەرچەندە هێشتا جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل سنوری غەزەی تێنەپەڕاندووە، بەڵام میلیشیا شیعەکانی لە ناوچەکە خستووەتە جوڵە و بە ئاشکرا هاوسۆزی خۆیان بۆ بزووتنەوەی حەماس دەردەبڕن.

حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنان، لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ هەینی لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس پێشکەشیکرد، ئاماژەیدا بە ئامانج کردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێم. ڕایگەیاند، "موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەستیکردووە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ڕەنگە دۆخەکە بچێتە قۆناغێکی نوێوە."

هاوکات موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدریش، بانگەوازێکی ئاراستەی سوریا، میسر و ئەردەن کرد، داوایلێکردن ڕێگە بە لایەنگرانی بدەن تا بچنە سنوری غەزە و "هەندێک کۆمەک لە نان و ئاو و دەرمان و سوتەمەنی بگەیەننە ئەو شارە."

بەڵام سەرەڕای نیگەرانییەکان، هەندێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێن هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی هەردوو سەرکردەی شیعی ئاماژەنین ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە ئیسرائیل.

عومەر محەمەد، چاودێرێکی سیاسی لە گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "وتارەکەی حەسەن نەسڕوڵا جگە لەوەی ستایشی بەرەی مقاوەمەی (بەرگری) تێدابوو، ناڕاستەوخۆ داوای دانوستان و شەڕ ڕاگرتنی کرد. هەروەها حیزبوڵای بێبەری کرد لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل."

عومەر محەمەد پێشیوایە بەیاننامەکەی ئەمڕۆی سەدر" جگە لە جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک و ڕکابەری نوری مالیکی و قەیس خەزعەلی هیچی تر نییە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:19 0:00
XS
SM
MD
LG