Accessibility links

دوو چالاکوانی مەدەنی شاری سنە بە 20 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێن


ئیدریس منبەری- سروە پوورمحەمەدی
ئیدریس منبەری- سروە پوورمحەمەدی

دوو چالاکوانی مەدەنی ئەندام لە ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین لە شاری سنە، هەریەکەیان لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئەو شارەوە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند سروە پوورمحەمەدی و ئیدریس منبەری، دوو ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی " پێکهێنان یان ئەندامبوون لە گرووپێک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات " هەریەکەیان بۆ ماوەی 10 ساڵ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئیدریس منبەری مانگی ڕابردووی ئەمساڵ لە لایەن دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی " تێکدانی ئاسایشی گشتی " بە ساڵێک زیندانیکردن و لێدانی 40 قامچی سزادرابوو.

هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەمجار لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا منبەری چالاکوانی مەدەنیان بەبێ پێشکەشکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرد و دوای ماوەیەک ناوبراو بە دانانی کەفالەتی یەک ملیار تومەنی ئێرانی تا کۆتایی دانیشتنەکانی دادگا بە شێوەیەکی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

هەروەها سروە پوورمحەمەدیش، چالاکوانی دیکەی ئەنجومەنی نۆژین یەکەمجار لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە کاتی بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئەندامانی دەستبەسەرکراوی کۆمەڵەی نۆژین دەستبەسەر کرا. پوورمحەمەدیش دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە تا کۆتایی دانیشتنی دادگاکان بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

کۆمەڵەی نۆژین دامەزراوەیەکی مەدەنییە کە بە مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شاری جیاوازەکانی کوردستانی ئێران خوڵی فێرکردنی زمانی کوردی بەڕێوەبردوە و چالاکی مەدەنی پێشکەش کردووە.

XS
SM
MD
LG