Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: غەززە پێویستی بە ملیاران دۆلار هاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی هەیە


بەپێی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن دەزگای بازرگانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، غەززە پێویستی بە ملیاران دۆلار هاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو سنووردارکردنانەی ساڵانێکە ئابووری وڵاتەکەی لاواز کردووە و گەشەسەندنەکەی سنووردار کردووە.

کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە گەشەسەندنی ئابووری خاکی فەلەستینییەکان بۆ ساڵی 2022، تیشکی خستە سەر بارودۆخی ئابووریی خراپی غەززە، تەنانەت پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە وەک تۆڵەسەندنەوە لە هێرشە کوشندەکەی 7 ی مانگی دەی چەکدارانی حەماس لە باشووری ئیسرائیل.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "بەخشەرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستیان بە درێژکردنەوەی ماوەی هاوکارییە ئابوورییە بەرچاوەکان هەیە بۆ بوژاندنەوەی ئەو زیانە بەرفراوانەی غەززە لە ژێر سنووردارکردن و داخستنی درێژخایەن و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکاندا تووشی بووە، کە ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی ئابووری و لەناوبردنی ژێرخانەکان".

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لە کاتێکدا یارمەتییەکانی خێرخوازان بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە گرنگە، بەڵام نابێت وەک جێگرەوەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە کۆت و بەند و داخستنەکان سەیر بکرێت و داوا لە ئیسرائیل و هەموو لایەنەکان بکرێت کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن".

ڕیچارد کۆزول ڕایت، بەڕێوەبەری بەشی جیهانگیری و ستراتیژییەکانی گەشەپێدانی ڕێکخراوی UNCTAD لە لێدوانێکیدا لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنەسانی ڕاگەیاند؛ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە لە ڕاستیدا غەززە پێویستی بە چەند دەبێت، تا ڕاگرتنی شەڕ و ململانێکانی ئێستا. بەڵام پێویسستی بە ملیارەها دۆلار دەبێت."

هەروەها لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2022 هاوکارییەکان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لە ساڵی ڕابردوودا لە 2 ملیار دۆلارەوە، واتە 27%ی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ 550 ملیۆن دۆلار، واتە کەمتر لە 3%ی بەرهەمی ناوخۆیی دابەزیوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی غەززە بێکارن و زیاتر لە نیوەیان لە هەژاریدا دەژین.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG