Accessibility links

ئیسرائیل وەڵامی قسەکانی ئەردۆغان لەسەر حەماس دەداتەوە


لیئۆ هائێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل
لیئۆ هائێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل

حکومەتی ئیسرائیل لێدوانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای سەبارەت بە حەماس شەرمەزار کرد.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لیئۆ هائێت لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەرگریکردن لە حەماس ناتوانێت ئەو تیرۆرە بشارێتەوە کە جیهان بینیویەتی و هەروەها حەماس بە هاوشێوەی داعش دادەنێت.

هائێت دەڵێت " ئیسرائیل بە تەواوەتی قسە توندەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس ڕەتدەکاتەوە.

حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی شەرمەزارکراوە و خراپترە لە داعش کە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە مەبەست کۆرپە، منداڵ، ژن و بەساڵاچووان دەکوژێت و خەڵکی سڤیل بە بارمتە دەگرێت و خەڵکی خۆی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت."

هەروەها دەشڵێت "تەنانەت هەوڵی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ بەرگریکردن لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و قسە هاندەرەکانی ئەو دڕندایەتییە ناگۆڕێت کە هەموو جیهان بینیویەتی و ئەو ڕاستییەی کە حەماس یەکسانە بە داعش."

هەروەها میکی زوهار، وەزیری ڕۆشنبیری و وەرزشی ئیسرائیش لە پلاتفۆرمی ئێکس وەڵامی قسەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای دایەوە و گوتی "ئەردۆغان پشتگیری لە تیرۆر دەکات تەواو. ئێستا کاتی دیاریکردنی نەخشەی نوێیە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیادا."

ئەم شەرمەزارکردنە لە کاتیکدایە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، پلانەکانی سەردانی ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە، بەهۆی شەڕی "نامرۆڤانەی" دژی چەکدارانی حەماس لە غەززە.

سەرۆکی تورکیا گوتیشی "گرووپی چەکداری حەماسی فەلەستین ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە "بەڵکو گرووپێکی ڕزگاریخوازە کە بۆ پاراستنی خاک و گەلی فەلەستین دەجەنگن."

ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داوای ئاگربەستێکی خێرای نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانی کرد و گوتی پێویستە وڵاتانی موسڵمان پێکەوە هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەردۆغان گوتی "حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، گرووپێکی ڕزگاریخوازە، 'موجاهیدییەکان' شەڕێک بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی خۆیان ئەنجام دەدەن،"

ئەردۆغان هەروەها ڕەخنەی توندی لە زلهێزانی ڕۆژئاوایی گرت کە پشتیوانی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە دژی حەماس دەربڕیوە و وتی "فرمێسکەکانی ڕۆژئاوا کە بۆ ئیسرائیل دەڕژێن، نیشاندانی ساختەکارییە".

زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ڕێکخراوی ناتۆدا حەماس بە گروپێکی تیرۆریستی دەزانن و لێدوانەکانی ئەردۆغان کاردانەوەی دەستبەجێی لەلایەن ماتیۆ سالڤینی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتالیاوە لێکەوتەوە و گوتی "قورس و قێزەونن و یارمەتیدەر نەبوون لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان".

XS
SM
MD
LG