Accessibility links

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە: جوڵەی هێزەکانی عێراق لە قەرەچوغ بەبێ گەڕانەوە بووە بۆ ئەو ژوورە هاوبەشەی هەمانە لەو ناوچانە


لە یەکەم لێدوانی وەزارەتی پێشمەرگەدا سەبارەت بە شەڕەکەی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەی مەخموور و چیای قەرەچووغ، سەرچاوەیەکی باڵا لەو وەزارەتە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، شەڕەکە بەهۆی جووڵەی هێزەکانی سوپای عێراقەوە بووە، بۆ چەند ناوچەیەک کە پێشتر گەریلاکانی پەکەکەی لێبووە، بەڵام جوڵەکە بەبێ ئاگاداری ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە بووە کە پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیبووە بۆ هەر جوڵەیەک لەو ناوچانە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی 22 ی مانگی دە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ڕوویدا، بەهۆی شەڕەکەشەوە پێشمەرگەیەک و دوو سەربازی عێراقی گیانیان لەدەستدا، 4 پێشمەرگە و 5 سەربازی عێراقیش بریندار بوون، ئەو خاڵانەی شەڕەکە تێیدا ڕوویداوە ژمارەیان چوار خەڵە، ئەو چوار خاڵە لە ساڵی 2014ەوە دوای هاتنی داعش دروستکراون و گەریلاکانی پەکەکە لەو کاتەوە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە هاتبوونە ئەو سنورە تا سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا لەو سەنگەرانەدا بوون، بەڵام سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا فەرمانداری بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، ڕایگەیاند،"هێزەکانمان لە کامپی پەنابەرانی مەخموور و ئەو ناوچانە کشاندووەتەوە."

لەو بارەیەوە بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت،"لە دەوری کەمپی مەخموور هەندێ چەکداری پەکەکەی لێ بوو، بەڵام ئەوان کشاونەتەوە و بە هێزی عێراقیان وتووە و هێزی عیراقی هاتوونەتە شوێنەکانیان، هەندێک لە ڕەبایەکان بەدەوری کەمپی مەخمورەوە بووە، هەندێکیش لەسەر شاخی قەرەچووغ بووە، ئەمانە جەیشی عێراقی هاتوونەتە ناوی."

دەشڵێت،"ئێمە ئیتیفاقێکمان هەیە لەگەڵ جەیشی عێراق، ئەگەر جەیشی عێراقی بێتە هەندێ شوێن کە جێگەی ئیهتیمامی هەردوولامانە بە بێ ڕێکەوت نابێت بێن، بۆ نمونە ئێمە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ هێزی عێراق، لە دیالە لە مەخموور لە موسڵ، دەبوایە لە ڕێگەی ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنەوە بە تەنسیق ئەم جولەیە بکرایە، ئەمان بە بێ تەنسیق کردویانە بۆیە ئەم شەڕە ڕوویداوە."

ڕاشیگەیاند،"بەداخەوە لە هەردوولا شەهید و بریندار هەیە."

لە دوای دروستبوونی شەڕەکەوە، لەلایەک هێزەکانی پێشمەرگەو لەلایەکی تر سوپای عێراق هێزی زیاتریان بەرەو ناوچەکە جوڵاندووە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دۆخەکە ئارامە و شەڕ لە نێوان هەردوولادا وەستاوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەش داوای چارەسەرکردنی گرژیەکان بە ئاشتی دەکات و دەڵێت،"شەڕ لە بەرژەوەندی کەسماندا نییە."

سەرچاوەکە وتی،"وەکو وەزارەت ئێمە ڕەئمان وایە، وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ئەم کێشەیە کپ بکرێتەوە، تەحشیری زیاتر نەکرێت، چونکە ئەمە هەڵپژانێکە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەبێت ئەمە نەمێنێت، چونکە نە لە بەرژەوەندی هێزی پێشمەرگەیە و نە لە بەرژەوەندی حکومەتی عیراقە."

دەشڵێت،"بە پەلە هەوڵە دیبلۆماسی و عەسکەریەکان حەل بکرێت و بە تەنسیق ئەو ڕەبایانە هێزی لێدابنرێت."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردن بە سیروان بارزانی، فەرماندەی ئەو میحوەرە و چەند فەرماندەیەکی تر لە وەزارەتی پێشمەرگە و وتەبێژی وەزارەتەکەش، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن لەو بارەیەوە.

XS
SM
MD
LG