Accessibility links

بەرزترین خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"


پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە 19ی مانگی دە خەڵاتی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا (ساخارۆڤ)ی بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران بەخشی.

خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە و بیروڕا، کە بە بڕی 50 هەزار یۆرۆیە، بەرزترین خەڵاتە کە ساڵانە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە دەدرێتە چالاکوانان مافی مرۆڤ یان کۆمەڵێک چالاکی لە پێناو مافەکانی مرۆڤدا.

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس لەمبارەیەوە نووسیوێتی "مەهسا ئەمینی، ئەو ژنە کوردەی ئێران کە ساڵی ڕابردوو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە گیانی لەدەست دا ، ڕۆژی پێنجشەممە خەڵاتی باڵای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەورووپای پێبەخشرا."

ڕۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتی ڕاگەیاندنی پێدانی خەڵاتەکە بە ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، رایگەیاند و گوتی "ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی بەدناو دەمێنێتەوە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "کوشتنی دڕندانەی ئەو خاڵی وەرچەرخان بووە."

وتیشی "ئەو بزووتنەوەیەکی ژنانی بەڕێخستووە کە خەریکە مێژوو دەنووسێتەوە."

ساڵی ڕابردوو خەڵاتی ساخارۆڤ بە خەڵکی ئۆکرانیا بەخشرا بۆ ئازادی بیرکردنەوە بەهۆی خەباتیان دژی دەستدرێژییەکانی ڕووسیا.

هێشتا دیار نییە بە ناوی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییەوە چ کەس یان گرووپێک لە ڕێورەسمی بەخشینی خەڵاتەکە ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنی کە بڕیارە 13ی مانگی دوازنزدەی ئەمساڵ لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ڕێوڕەسمەکەی بەڕێوەبچێت.

بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی لە کاتێکدایە کە فشارەکان لەسەر بنەماڵە و پارێزەرەکەی لە لایەن ئێرانەوە هیشتا بەردەوامن.

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی چەند رۆژ پێش ئیستا لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە تۆمەتی "بانگەشە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ زیندانیکردن سزا درا.

ساڵی ڕابردوو ساڵح نیکبەخت کە پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینییە، ناڕەزاییەتی دەربڕی بەرامبەر بە ئەنجامەکانی دەستەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری ئێران کە هۆکاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیانیان بۆ نەخۆشی خۆی گڕاندبووە و داوای پێکهێنانی بۆردێکی پزیشکی کردبوو بە بەشداری چەند پزشکێکی جێگای متمانەی بنەماڵەی ژینا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیانە لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.

سەرچاوە/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG