Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە درۆن هێرشدەکەنە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بە 3 درۆنی ملیشیاکانی سەر بە ئێران هێرش کراوەتە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ئەم کۆمەڵەیە کە پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆر چالاکوانان لە ناو سوریاوە هەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێرشەکە پاش چەند کاتژمێرێک کرا لە دوای ئەوەی بنکەکە خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. دەشڵێت هێزەکانی هاوپەیمانان توانیویانە دوو لە درۆنەکان بخەنە خوارەوە و تەنیا درۆنێکیان توانیویەتی زیانی ماددی بە بنکەکە بگەیەنێت، وە هیچ هەواڵێک نییە باس لە زیانی گیانی بکات.

دەشڵێت هەتا ئێستا بنکەکە لە ژێر حاڵەتی ئامادەباشیدایە، بەو پێیەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بڕیاریان داوە لە ژێر دروشمی "تۆڵەکردنەوە بۆ غەززە" هێرش بکەنە سەر بنکە لەشکرییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

بەپێی ڕوانگەی سوریا، چەکدارانی حزبوڵا و فاتمیونی ئەفغانی کە لە ئێستادا لە بیابانەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریادان، پێشتر لە لایەن شارەزایانی حزبوڵای لوبنان و پاسدارانی ئێران لە فڕۆکەخانەی تەدموری سەربازی سوریا و چەند بنکەیەکی دیکە لە دەوروبەری شاری تەدمور ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر بەکارهێنانی درۆن.

بنکەی تەنەفی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2014 وە بۆ شەڕی دژی داعش دامەزراوە، دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نزیک ئەو ناوچەیەی سنووری هەرسێ وڵاتی سوریا و عێراق و ئوردن پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوە/ ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG