Accessibility links

ڕێنماییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەو کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا زیاتردەکەن


لەگەڵ زیادبوونی تەمەن زۆرجار مرۆڤەکان دووچاری کەمخەویی دەبنەوە و شەوانە ناتوانن بەپێی پێویست بخەون بە پێی ڕاپرسییەکی ساڵی 2022 لەسدا 30 ی بەساڵاچووان لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا کەمتر لە 7 سەعات دەخەون و نزیکەی لەسدا 20یان کێشەی ئەوەیان هەیە خەویان لێناکەوێت.

لەڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتن پۆستدا نووسەر هاڵی لڤین تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی تەمەن بە کەمخەوییەوە و تیایدا بە گوێرەی ڕێنماییە تەندروستییەکان چەند خاڵێک بۆ باشترکردنی خەو دەخاتە ڕوو کە بریتییە لە خۆراکی تەندروست و شێوازی ژیانی تەندروستانە.

رۆزان ئێم لایپزیگ پرۆفیسۆری پزیشکی بواری قۆناغی پیریی لە کۆلێژی پزیشکی ئایکان لە ناوچەی ماونت ساینای لە نیویۆرک دەڵێت کەسانی بەساڵاچوو پێویستیان بە نزیکەی هەمان بڕی خەوتن وەک کەسانی گەنجترهەیە کە بەگشتی 7 بۆ 8 کاتژمێرە.

چۆن سوڕی خەوتنت لەگەڵ تەمەندا دەگۆڕێت:

ڕۆناڵد چێرڤین سەرۆکی بەشی پزیشکی بواری خەو لە زانکۆی Michigan Health لە ئان ئاربۆر دەڵێت " کەسانی سەرو تەمەن 74 ساڵان کەمتر دەتوانن بچنە خەوێکی قووڵەوە."

ڕۆزان لایپزیگ دەڵێت " ڕەنگە بۆت دەرکەوێت کە زیاتر بەو شتانە لە خەو هەڵبستیت کە پێشتر لە خەو هەڵیان نەدەساندی."

کەسانی بەساڵاچوو ڕەنگە تێبینی ئەوە بکەن کە ئێواران زووتر خەویان بێت. چێرڤین دەڵێت "لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، ڕیتمی کاتژمێری ڕۆژانەمان ، واتا کاتژمێری مێشکمان دەگۆڕێت." ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی شەوانە زووتر بخەویت و بەیانیان زووتر لە خەو هەڵبستیت.

جگە لەوەش لایپزیگ دەڵێت، لە شەودا کەسانی بەتەمەن کەمتر هۆرمۆنی دژە میزکردن بەرهەمدەهێنن کە ئاماژە دەنێرێت بۆ گورچیلەکان بۆ کەمکردنەوەی دروستکردنی شلەمەنی، بۆیە ڕەنگە شەوانە زۆرتر لە خەو هەڵبستیت بۆ میزکردن و هەروەها حاڵەتە پزیشکییەکانی دیکە، وەک کێشەی پرۆستات یان نەخۆشی شەکرە کە هۆکارن بۆ چوون لە نیوەشەودا بۆ میزکردن بۆ تەوالێت.

پاکوخاوێنی باشی خەو:

کاتلین ڕۆجەرز پزیشکی پسپۆڕی خەو لە کلینیکی کلیڤلاند دەڵێت "رۆژانە با چوونت بۆسەر جێگا بۆ خەوتن و لە خەو هەستانت باشترە لە یەک کاتدا بێت. ژووری خەوتنەکەشت تەنها بۆ خەوتن و سێکس بەکاربهێنە."

ڕێکخستنەوەی کاتژمێری مێشک بۆ خەوتن:

هەوڵبدە بەپێی پێویست بخەویت، بەڵام زۆریش نەبێت. ئەگەر بەڕۆژدا خەوتهات بە شێوەیەکی ژیرانە سەرخەو بشکێنە.

باشتریشە وەرزشکردن و کارە وزەبەخشەکان بخەیتە ئێواران تا بتوانی لە کاتی پێوسیتدا بخەویت و نیوەشەو خەبەرت نەبێتەوە، هەرچەندە بۆ کەسێکی گەنج دەگوترێت ڕەنگە وەرزشکردن ئێواران کاربخاتە سەر خەوەکەی بەڵام دکتۆر کرس وینتەر پزیشی میشک و نووسەری کتێبی 'چارەسەری خەو' دەڵێت بۆ کەسێکی بەساڵاچوو بەم شێوەیە تەندروستانەترە.

توێژینەوەیەکی بچووک کە لە گۆڤاری (Journal of Geriatric Psychiatry and Neurology) لە ساڵی 2021دا بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات ئەو کەسە بەتەمەنانەی کە بە شێوەیەکی هێمنانە بۆ ماوەی 30 خولەک لە ماڵەوە لە ئێواراندا وەرزش دەکەن، باسیان لەوە کردووە باشتر دەخەون لە چاو ئەوانەی کە وەرزشی بەیانیان ئەنجام دەدەن.

گرنگی خۆراکە تەندروستەکان:

ژمارەیەک لێکۆڵینەوە پێشنیاری ئەوە دەکەن کە لە خۆراکە ئامادەکان دووربکەوە و خۆراکەکانی وەک گوێز و فاسۆلیا و پرۆتینی بێ چەوری بخۆن کە تەندروستە بۆ دڵ، بەڵام پێدەچێت ئەم جۆرە خواردنانە بۆ خەویش باش بێت، ئەمەش بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەسەر ژنانی دوای وەستانی سوڕی مانگانە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری ئەمەریکایی بۆ خۆراک لە ساڵی 2020 دا بڵاوکرایەوە.

هەروەها کارێکی ژیرانەیە بە چەند کاتژمێرێک بەر لە خەوتن مادە ئەلکهولیەکان نەخۆیتەوە و هەرها بیرۆکەیەکی باشە بە کاتژمێرێک بەر لە خەوتن هیچ خواردنێک نەخۆیت .

XS
SM
MD
LG