Accessibility links

گرنگی پشکنینی گشتی تەندروستی بۆ مرۆڤ


ژمارەیەکی زۆری نەخۆشی هەن ئەگەر بێت و زوو دەستنیشان بکرێن، ئەوا کەسی تووشبوو دەکرێت زووتر و ئاسانتر چارەسەربکرێت پێش ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی کەسەکە دروستبکات. بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشییانە دەکرێت بە پشکنینی گشتی تەندروستی مرۆڤ پێی بزانرێت، بۆیە مەرج نییە پشکنینی تەندروستی تەنیا بۆ نەخۆش بکرێت.

لە زۆر وڵات بەشی زۆری خەڵکەکەی وەها فێربوون بە لایەنی کەم ساڵانە جارێک پشکنینی گشتی دەکەن، هەتا لە سەلامەتی تەندروستییان دڵنیابن. لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی هێشتا ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکی ئەو پشکنینە ساڵانەیە دەکەن و زۆربەی خەڵکەکە هەتا باری تەندروستی تێکنەچێت و نەخۆش نەکەوێت سەردانی پزیشک ناکات.

دەپرسین:
بۆچی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە پشکنینی ساڵانە نادەن؟
کام پشکنینە تەندروستییانە گرنگن پێش وەختە بکرێن؟
چی بکرێت هەتا هاووڵاتییان فێربکرێن ساڵانە پشکنینی گشتی بۆخۆیان بکەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ باس لە گرنگی پشکنینی گشتی تەندروستی کرا بە میوانداری بەڕێزان:
دکتۆر ئارام ڕۆستەم، ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر زانیار ئاغال، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:55:44 0:00

دکتۆر ئارام ڕۆستەم:
"بەداخەوە دۆخی سەختتی ئابوری وایکردووە، کە ئێمە نەتوانین بە تەواوی و لەکاتی خۆیدا موچەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەدرێت، چ جای ئەوەی بتوانرێت پشکنینی پێش وەختە (سکرینین) بۆ هاووڵاتییان دابینبکرێت، هەرچەندە ئەوانەی دۆخی ئابورییان باشە بەهۆی سەردانی دەرەوە و بازرگانییەوە پشکنینە گرنگەکان بۆ خۆیان دەکەن، بەڵام چینێکی تری کۆمەڵگا ئەو پشکنینە ناکەن بەهۆی ئاستی هۆشیاری و دۆخی خراپی ئابورییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت توانیویەتی سەرکەوتبێت لە دابینکردنی هەندێک پشکنینی پێش وەختە بۆ هاووڵاتییان وەک پشکنینی مەمک، بەڵام ئەو بودجەیەی لەبەردەست وەزارەتە بەشی دابینکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە(سکرینین) ناکات."

"ئێمە کێشەمان ئەوەیە کە چۆن بتوانین ئەو شتانە بەسەرو خۆمان بڵێین، بۆ ئێمە ئاسان نەبووە باس لە گرنگی چەند پشکنینێکی گرنگ بکەین. بەداخەوە بەهۆی بوونی ڕۆتیناتی زۆرەوە نەمانتوانیوە ئەمانە بەسەرو خۆمان بڵێیین."

دکتۆر زانیار ئاغال:
"ڕاستە ئێمە لە قەیرانێکی سەختی داراییداین ، بەڵام ئەگەر حکومەت (سکرینین-پشکنینی)پێش وەختە بکاتە مەرج بەسەر هاووڵاتییانەوە ئەوا لە ڕووی داراییەوە حکومەت خۆی قازانج دەکات، وزەیەکی مرۆیی زۆریش دەگەڕێتەوە، بۆ نمونە نەخۆشانی شەکرە ئەگەر پێش وەختە پشکنین بکرێتە ئیجباری لەسەریان ئەوا ناگاتە گورچیلەکانیان کە سبەی گورچیلەکانیان سست ببێت و دەرمان بخۆن و داخڵبوونی ئەم نەخۆشە دەبێتە خەرجی وە توانای زۆری کارمەند و پزیشکیش دەڕوات، چونکە لە نەخۆشخانەکان پشکنین و چارەسەر خۆڕاییە، بۆیە ئەمە پارە بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە نەک ببێتە ئەرک."

"هەموو شتێک یاسای پەرلەمانی ناوێ، هەر چەند ساڵ لەمەوبەر بە (کن فیکون)ێک وەزارەتی تەندروستی پشکنینی کۆرۆنای کرد بە مەرج بۆ پێدانی موچە، یان بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ چەندین بڕیار دەردەکات و جێبەجێی دەکات، وەزارەتی تەندروستیش دەتوانێت بڵێت لەگەڵ پشکنینی چاو بۆ مۆڵەتی شۆفێری دەفتەری شەکرە و فشاری خوێنەکەت بێنی یان چەند پشکنینی تر بکەی بزانم تۆ تووشی کۆما نابیت بەهۆی ئەنسۆلینەوە، یان لەسەر ئەنسۆلینیت و ناکرێت لۆری لێبخورێت، ئەمانە پەرلەمان و یاسای ناوێ دەکرێت وەزارەت لەم بابەتانە خۆی بڕیار دەربکات."

لە وەڵامدا دکتۆر ئارام ڕۆستەم وتی:
"ڕاستە بۆ ئەوەی کۆرۆنا بڕیارمان دا، بەڵام تووشی هەندێک شت بووین حەزناکەم لێرە باسی بکەم، هەندێک خەڵک هەبوون دەیانوت خۆ یاسا نییە بۆ جێبەجێی بکەم؟ بە ڕاستی کێشەی یاساییمان نییە، بەڵام کێشەی ئەوەمان هەیە بەسەر خەڵکدا چۆن جێبەجێی بکەین، ئێمە تووشی ژەهراوی بووین بە دیموکراسی، بۆ نمونە دەرزییەک کەمێک سووربونەوە و هەستیاری دروست بکات، هاووڵاتییەکە یەکسەر دەچێت سکاڵا تۆمار دەکات، بۆیە ئێمە زۆر بە حەزەرەوە هەنگاو دەنێین."

XS
SM
MD
LG