ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە گەیشتە بەیژینگ بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی پشتێن و ڕێگا و کۆبوونەوەی لەگەڵ چین شی جینپینگ سەرۆکی چین کە ئامانج لێی پیشاندانی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان بەیژینگ و مۆسکۆیە، لە کاتێکدا شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا بەردەوامە.
ئەم سەردانەی پوتن بۆ چین دووهەم گەشتە بۆ دەرەوەی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لەو کاتەوەی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی لە مانگی سێدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد بەهۆی ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ لە ئۆکرانیا، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە سەردانی قرغیزستانی کرد.
دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان 123 وڵاتی ئەندامی خۆی پابەند دەکات بە دەستگیرکردنی پوتن و گواستنەوەی بۆ لاهای بۆ دادگاییکردن ئەگەر پوتن پێی بخاتە سەر خاکەکەیان. بەڵام نە چین و نە قرغیزستان ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان نین.
دوایین جار شی و پوتن لە مانگی سێدا لە مۆسکۆ چاویان بە یەکترکەوت. بڕیارە پوتن وەک میوانی سەرەکی کۆڕبەندەکە ڕۆژی چوارشەممە دوای شی قسە بکات و لە کۆتایی ئەو ڕۆژەدا هەردووکیان بۆ گفتوگۆی دوولایەنە کۆببنەوە.
بەیژینگ و مۆسکۆ لە مانگی دووی ساڵی ڕابردوودا هاوبەشییەکی "بێ سنوور"یان ڕاگەیاند پێش ئەوەی ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێبکات.
لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕووسیایان بەهۆی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا شەرمەزار کرد، بەیژینگ بەرگری لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ کردووە. جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکەی نێوانیان پێشێلکردنی نۆرمەکانی نێودەوڵەتی نییە و چین مافی خۆیەتی هاوکاری لەگەڵ هەر وڵاتێکدا بکات کە دەیەوێت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز