Accessibility links

ڕیشەی شەڕی عەرەب ئیسرائیل


هەرچەندە لە ئەمڕۆدا زیاتر شەڕی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان هەتا ڕادەیەکی زۆر تانوپۆیەکی ئاینی دراوەتێ، بەڵام لە بنەڕەتدا شەڕێکە لە نێوان دوو نەتەوەدا لەسەر خاک. بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو ئەم شەڕە نەتەوەییە لە پەیماننامەی بەلفۆرەوە لە ساڵی 1917 وە سەریهەڵداوە، کاتێک لەو پەیماننامەیەدا بەڵێن بە جووەکان درا وەک نەتەوەیەک نیشتمانێکیان بۆ دابمەزرێنرێت لە فەلەستین.

ئەم شەڕە بۆ دەیان ساڵە بەردەوامە و هەتا ئێستا بە دەیان هەزار کەس لەو نێوەدا کوژراون و برینداربوون، ئەمە جگە لە زیانە ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت دەروونییەکەشی کە بە خەڵکی ناوچەکەی گەیاندووە.

پرسیار لێرەدا:
پەیوەندی جووەکان بە ئەم خاکەی ئەمڕۆ بە ئیسرائیل و فەلەستین ناودێردەکرێت، چییە؟
دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بڕیارێکی هەڵە بوو یان ڕاست؟
شەڕەکە زیاتر نەتەوەیییە بۆچی دەکرێتە ئاینی؟
عەرەب وەک نەتەوە و موسڵمانان بە گشتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا چ مافێکیان هەیە؟
وەک عەرەب و جووەکان خۆیان دەڵێن ئەوان ئەوان یەک ڕەچەڵەکیان هەیە و نەوەی پێغەمبەر ئیبراهیمن، کەوایە بۆچی ناتوانن لە نیشتمانێکدا بە ئاشتەوایی پێکەوە بژین؟

لە بابەتی ڕۆژی ئەمڕۆ ئەم پرسە تاوتوێکرا بە میوانداری بەڕێزان:
1- دکتۆر ئاکۆ شوانی ، مامۆستای بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی.
2- دکتۆر ئەیاد ئەحمەد حمد ئەمین، شارەزای فکری ئیسلامی.
3- دکتۆر سەنگەر سەیدقادر، توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی.

please wait

No media source currently available

0:00 1:00:05 0:00


دکتۆر ئاکۆ شوانی:
"مەسەلەی چوونی عەرەب بۆ عێراق و میسر و فەلەستین سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی بووە، بۆیە کۆنترین نەتەوە کە خاوەنی ئەو زەوییەن ئیسڕائیلییەکانن، بەڵام کە دواتر پەرتەوازە کراون و ڕاگوێزراون ئەمە شتێکی ترە، لە کتێبەکەی خۆشیاندا وەهایان پێدەڵێن کە ئەمە زەوی ئەوانە، هەر وەک چۆن من وەک موسڵمانێک وە موسڵمانان هەموویان بڕوایان بە قورئانە، ئەوانیش بڕوایان بە کتێبەکەی خۆیانە کە پێییان دەڵێت، ئەوە زەوی ئێوەیە دەبێت بۆی بگەڕێنەوە، بەڵام کێشەی عەرەب ئەوەیە کە بڕوای بەوە نییە لەگەڵ یەهوددا لەو خاکەدا بژی، ئەحلام موستەغانمی دەڵێت (یەکێک لە کێشەکانی عەرەب ئەوەیە شەوێک لە شوێنێکدا بخەون بەیانی کە هەستان لەخەو پێییان وایە ئەوە زەوی ئەوانە) بەڵام من لەگەڵ ئەوەشدا نیم ئیسرائیل بێت هەرچی عەرەبە لە شوێنی خۆیان ڕابگوێزێت."

"بۆیە من بمەوێت یا نەمەوێ ئەو خاکە(فەلەستین)زەوی بەنولئیسڕائیلە، هیچ سەرچاوەیەک نیە، بڵێ هی عەرەب و یابوسییەکانە، کێشەی گەورە لە عەقڵی عەرەبدایە، لە 1948دا عەرەب ڕازی بوونایە ئێستا نیوەی خاکی ئیسڕائیل هی ئەوان بوو، ئەسڵە عەرەب لەیەمەنەوە هاتوون کە سەدی یەمەن ڕووخاون هاتونەتە دورگەی عەرەب و لەوێ جولەکە و نەتەوەکانی تریش لەوێ بوون، خۆ عەرەب هەر ئەوێی داگیر نەکردووە، ئەوەی ئەمڕۆ پێیی دەوترێت جەزائیر و تونس و مەغریبە هی ئەمازیغییەکان بووە بڕۆن مێژوو بخوێننەوە بزانن عەرەب چۆن بەشێوازێکی دڕندەیی ئەمازیغییەکانیان لەناو بردووە و دەستییان بەسەردا گرتوون."

"حەماس هەڵەی مێژووی دووبارە کردەوە، ئەمانە ئەگەر ناچار بکرێن بەرەو سینا و میسڕ بڕۆن ئینجا دەبێت دابنیشن دە ساڵی تر دانوستان بکەن هەتا ئەم ئاوارانە ببەنەوە."

دکتۆر ئەیاد ئەحمەد حمد ئەمین:
"مامەڵەی حەماس لەم جەنگەدا مامەڵەیەک بوو بەپێی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامی، ڕاستە ڕەنگە هەندێک سەرپێچی کرابێت بەڵام ئەو ڤیدیۆیانەی حەماس بڵاوی کردنەوە پیشانی دان چەند بە جوانی مامەڵە دەکەن، سەبارەت بە ڕەخنەکان لەوەی چوونەتە سەر ئاهەنگێک ئەوانە هەمووی سەربازی ئیسڕائیلی داگیرکار بوون، گریمان سەربازیش نەبوبێتن، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ناو قەوارەی ئیسڕائیلدا دەژی داگیرکەرن و حەماس وەها سەیرییان دەکات، بۆیە لە فیقهی ئیسلامیدا بەوانە دەوترێت کافرێکی حەربی، بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە و بڕواناکەم کەسییان هەبێت پێییان بوترێت مەدەنی، بەڵام جەنگە هەڵەش تێییدا ڕوودەدات، بەڵام حەماس مامەڵەی جوانی لەگەڵ خەڵکی مەدەنی کرد، بۆ سەربازەکانیش مافی خۆیانە چونکە ئەوان داگیرکەرن و چەندین ساڵە ستەمییان لێدەکرێت و ئەوانیش خراپتر لەگەڵ دیلە فەلەستینییەکان دەکەن."

"موسڵمانان دەتوانن لەگەڵ جولەکە و هەر قەومێکی تر بە ئاشتییانە پێکەوە بژین لەسەر یەک خاک، ئەمە جیاوازە لە قەوارەی زایۆنی داگیرکەر. کێشەی موسڵمانان و فەلەستینییەکان لەگەڵ بزوتنەوەی زایۆنی داگیرکەرە."

"کورد لە سێ لایەنەوە هاوسۆزی فەلەستینی و حەماسە، یەکەم، لایەنی مرۆڤایەتی کە من وەک خۆم کاتێک ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا هاوسۆزی ئۆکرانییەکان بووم ئەگەرچی موسڵمانیش نەبوون، بەس وەک مرۆڤێک."

"دووە، لایەنە ئاینییەکەی، کە ئێمە هەردولامان برای یەکترین و موسڵمانین، سێییەم، قودس و مزگەوتی ئەقسا یەکەم قیبلەی موسڵمانانە."

"من لەگەڵ ئەوەدا نیم بڵێن شەڕی نەتەوەییە، ئەگەرچی ڕەهەندێکی نەتەوەیی تێدایە، بەڵام ڕەهەندە ئەساییەکە ئاینییە، لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک موسڵمان ئەوان کافرن، ئێمەش بۆ ئەوان کافرین، لە ڕوانگەی ئێمەوە جولەکە و مەسیحی کافرن، ئەگەر ئەوانیش ئێمە بە کافر نەزانن لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئەوا لەگەڵ خۆیان ڕاستگۆ نین."

دکتۆر سەنگەر سەیدقادر:
"ئەم شەڕەی نێوان حەماس و ئیسڕائیل هەم شەڕی نەتەوەیە، هەم شەڕی ئاینە، لەبەر ئەوەی یەهودییەکان خۆیان بە گەلێکی ئاینی ناودەبەن و ئاینەکەیان بە ئاینێکی نەتەوەیی ناودەبەن و ئاینەکەیان وەهایان لێدەکات بگەڕێنەوە بۆ خاکەکەیان کە بە درێژایی مێژوو ئەم هەوڵەیان داوە."

"ئەوەی لە کوردستان هەوڵدەدرێت کە ئەم شەڕە وەک شەڕی ئاینی لێبکرێت، ئەمە پەیوەندی بە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسییەوە هەیە، بۆ ئەوەی هاوسۆزی دروست بکەن، ئەمەش خواستی حەمساییەکانە کە ئەم شەڕە بکەنە شەڕێکی ئاینی هەتا سۆزی جیهانی ئیسلامی ڕابکێشێن و بیکەنە پرسی ئوممەی ئیسلامی، کە ئەمانن نوێنەرایەتی ئوممەی ئیسلامی دەکەن بۆ بەگژاچونەوەی یەهود، بەڵام بەداخەوە حەماس لە ڕابردوودا زیاتر ئەجێندای ئێران و ڕژێمی ئەسەد بەکارهاتووە، هەر کات پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بە ئاڕاستەیەکی خراپ ڕۆیشتبن، ئێران هەوڵیداوە حەماس بجوڵێنێت، بەڵام بەداخەوە ئەم جارە کارتی فشارەکەیان لەدەست دەرچووە و لە دۆخێکدایە کە لەکۆنترۆڵ وا دەربچێت."

ئەگەر بڵێیین ئیسڕائیل دیموکراترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ڕاستە، لە 12%ی دانیشتوانی ئیسڕائیل موسڵمانن، لەناو پەرلەماندا نۆ ئەندامییان هەیە حزبە ئیسلامییەکان و عەرەبەکان، وە بە ئازادی مافی دەربڕینی بۆچونی ئازادییان هەیە، ئەو عەرەبانەی کە لە ناو ئیسڕائیل دەژین قوتابخانەی خۆیان هەیە و مەراسیمی خۆیان هەیە، لەو شوێنانەی زۆربەی عەرەبن بە زمانی عەرەبی لە دوکان و بازاڕەکان نووسراو و ناونیشان هەیە، وەک هاووڵاتی پلە یەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، تەنانەت خۆپیشاندان و ناڕەزاییان ئەنجامدا لە ماوەی ڕابردوو لە بەرامبەر ئیسڕائیل لەبەر هەندێک کاری ئیسڕائیل کە لە چەند ناوچەیەکی فەلەستینی ئەنجامییان دا، بەپێی ئەو دەستورە نەنووسراوەی ئیسڕائیل کە پێیی دەوترێت(عهدی نیشتمانی) هەموو مافێکییان هەیە."

"بانگ لە یافا و قودسەوە دەدرێت و بەردەوام لە مزگەوتەکانەوە بە ئاشکرا و بە بڵندگۆ دەدرێت و نوێژ لە مزگەوتەکاندا دەکرێت، لە مانگی ڕەمەزاندا ئەو کەسانەی موسڵمانن و لە دامودەزگاکانی ئیسڕائیل فەرمانبەرن مافییان هەیە 12 ڕۆژ پشوو وەربگرن لە مانگی ڕەمەزاندا، لە ناو ئیسڕائیلدا پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوان موسڵمان و ئیسڕائیلییەکاندا هەیە، ئەو عەرەبەی ئەمڕۆ لە یافا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل ئەو ئازادی و مافەی هەیەتی هیچ هاووڵاتییەکی کوردستان لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەو ئازادییەی نییە."

"دەبێت هاووڵاتی کورد لە خەمی خاک و مافی خۆیدا بێت و خۆی ئازاد بکات ، پێش ئەوەی خۆی سەرقاڵ بکات بە کێشەی خەڵکی ترەوە."

"ئەوەی ڕوودەدات لەسەر قودس و مزگەوتی ئەقسا نییە، هەتا بیکەین بە شێری قودس، چونکە شەڕەکە لەسەر غەززەیە کە 84 کیلۆمەتر لە قودسەوە دوورە، دوای ئەوە ئەوەی ڕوویدا بە دەستلەپشتدانی ئێران بۆ حەماس بوو وە بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ڕووسیا بوو، هەتا ئەمەریکا لەو ناوچەیە سەرقاڵ بکات و نەپەرژێتە سەر ئۆکرانیا."

"ئەم شەڕە شەڕی ئیسلام و کافر نییە، کارێکی سیاسی و هەڵەشەیی ئێران و حەماسییەکان بوو، من لەگەڵ ئەوە نیم بە جوو بوترێت کافر، چونکە منیش موسڵمانم و بۆ یەکجاریش لە قورئاندا ئەوە نەهاتووە کە جولەکە کافرە."

XS
SM
MD
LG