Accessibility links

دوو بوومەلەرزەی بەهێز باشووری ئەفغانستان دەهەژێنن


دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژئاوای ئەفغانستانیان هەژاند و زیانیان بە وێستگەی دابینکردنی کارەبا بۆ پارێزگای هێرات گەیاند کە هەفتەیەکە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی پێشترەوە دەناڵێنێت.

نێوەندی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕایگەیاند بوومەلەرزەکان بە پێوەری 6.3 و 5.5 بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕوویاندا و 20 خولەک بەینیان هەبووە و چەقی بوومەلەرزەکان دەرەوەی هێرات بوو.

کاربەدەستان دەڵێن پارێزگاکانی دەوروبەری بادگیس و فەراحیش بەهۆی بوومەلەرزەکەی ڕۆژی یەکشەممەوە زیانیان لێکەوتووە و بە پێی ڕاپۆرتان بەلایەنی کەمەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەرەکی هێرات کراون. دانیشتوان و بەرپرسانی ناوخۆ پشتڕاستیان کردەوە کە دوای بوومەلەرزەی یەکەم کارەبا بۆ ماوەیەکی کورت لە سەرانسەری پارێزگاکە بڕدراوە.

ئەو هەرێمەی ڕۆژئاوای ئەفغانستان کە سنووری لەگەڵ ئێرانەدایە، لەوەتای 7 ی مانگی 10 ەوە چەندین بوومەلەرزە تیایدا ڕوویداوە ، پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەک بە پێوەری 6.3 هێراتی هەژاند.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە دواترین ڕاپۆرتیدا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند بوومەلەرزەکانی پێشوو، کە یەکێک بوو لە کوشندەترین کارەساتەکان لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردووی ئەفغانستان، چەندین گوندی بە تەواوی وێران کردووە و نزیکەی 1400 کەسی کوشتووە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG