Accessibility links

سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان: دۆخی غەززە گەیشتوەتە مەترسیدارترین ئاست


ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە خراپتربوونی دۆخی غەززە و ئیسرائیل دەربڕی و ڕایگەیاند، دۆخی غەززە گەیشتووەتە مەترسیدارترین ئاستی خۆی و ئاماژەی بەوەشکرد بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئەو ئازارانەی بەرۆکی خەڵکی مەدەنی گرتووە.

گۆتێرێس 13ی مانگی دە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان بە ڕۆژنامەنووسانی گوت "پێویستمان بە دەستڕاگەیشتنی دەستبەجێی مرۆیی هەیە لە سەرتاسەری غەززە، بۆ ئەوەی بتوانین سووتەمەنی و خۆراک و ئاو بگەینە هەموو کەسێک کە پێویستیان پێیەتی. تەنانەت شەڕەکانیش ڕێسای خۆیان هەیە."

بەپێی بەیاننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەپۆلێکی توندوتیژی کە بە هێرشی موشەکەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بووەتە هۆی بۆردومانی قورسی غەززە و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی مەدەنی. تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 کەس لە ئیسرائیل و هەزار و 900 کەس لە غەززە کوژراون.

هەروەها سیستەمی چاودێری تەندروستی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە پزیشکییەکان و کارمەندان، لە لێواری داڕماندایە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بارمتەکانی کرد و جەختی لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ کردەوە.

گۆتێرێس گوتیشی "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم - ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر ئەو لایەنانە هەیە کە خۆیان لە هەر پەرەسەندن و پەرەسەندنێکی زیاتر بەدوور بگرن".

سوپای ئیسرائیل سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە زیاد دەکات و لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە دانیشتوانی باکوری غەززە کردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێزەکانی حەماس لە شاری غەززە لە تونێلەکانی ژێر زەوی و لە ژێر شوێنەکانی نیشتەجێبووندا خۆیان حەشارداوە.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت حەماس خەڵکی بێتاوانی غەززە وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاردەهێنێت لە پێناو پاراستنی خۆیاندا.

XS
SM
MD
LG