Accessibility links

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئیسڕائیل بۆمبی فسفۆڕی لە غەززە و لوبنان بەکارهێناوە و ئیسرائیلیش ئەوە ڕەتدکاتەوە


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی تەقەمەنی فسفۆڕی سپی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیدا لە غەزە و لوبنان، وتی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە هاووڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەکی گەورە و برینداربوونێکی درێژخایەنەوە.

سوپای ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەو تۆمەتەی دژ بە هێزی بەرگری ئیسڕائیل سەبارەت بە بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی لە غەزە بەبێ هیچ گومانێک ڕاست نیە."

وتیشی "هێزی بەرگری ئیسڕائیل ئەو جۆرە چەکانەی بەکارنەهێناوە." بەڵام دەستبەجێ ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا ئەو بەیاننامەیە بۆ لوبنانیش دەبێت یاخود نا.

وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هێرشە کوشندە کتوپڕەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسڕائیل کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 1300 ئیسڕائیلی لەم هەفتەیەدا، ئیسڕائیل بۆردومانی غەزە دەکات. لانیکەم 1500 فەڵەستینیش کوژراون. لە هەمان کاتیشدا ئیسڕائیل و حیزبوڵای لوبنانیش هێرشییان کردووەتە سەر یەکتر.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ وتی چەند ڤیدیۆیەکی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە 10 ی مانگی 10 دا لە لوبنان و لە 11 ی مانگی 10 دا لە غەززە گیراون و تێیاندا " تۆپبارانێکی ئیسڕائیل دەردەکەوێت بە فسفۆڕی سپییەوە بەسەر ئاسمانی بەندەری شاری غەززە و دوو ناوچەی دوورەدەستی دیکە لەسەر سنووری ئیسڕائیل و لوبنان."

لە هەمان کاتدا لینکی دوو ڤیدیۆکەی داناوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و وتی "تۆپی عیارە 155ملمی فسفۆڕی سپی تێدا دەردەکەوێت، کە وادیارە وەکو دوکەڵ یاخود نیشانەکردن یاخود ئاماژەدان بەکارهێندرابن." لە هەردوو ڤیدیۆکەدا دیمەنی نزیک سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان دەردەکەوێت.

بەڵام لینکی ئەو ڤیدیۆیەی دانەناوە کە گوایە لە غەزەش بەکارهێندراوە. کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی غەزە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا ڤیدیۆیەکییان بڵاوکردەوە کە دووکەڵێکی سپی ئاسمانی غەزەی داپۆشیوە و دەڵێن ئەو دوکەڵە سپییە هۆکارەکەی چەکی فسفۆڕی سپییە.

سوپای ئیسڕائیل لە ساڵی 2013 دا وتی قۆناغ بە قۆناغ فسفۆڕی سپی لە ناودەبات کە لە ماوەی هێرشەکەی ساڵی 2008-2009 دا بۆ سەر غەزە بەکاریهێنا، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەو کاتەدا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ئیسڕائیلییان تۆمەتبار کرد.

بەڵام لەو کاتەدا سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا پێداچوونەوە دەکات بە بەکارهێنانی فسفۆڕی سپیدا یاخود نا، فسفۆڕی سپی بۆ سوتاندنی شوێنەکانی دوژمن دروست کراوە.

تەقەمەنی فسفۆڕی سپی دەتوانرێت بەپێی یاسا لە گۆڕەپانی جەنگەکاندا بەکاربهێندرێن بۆ دروستکردنی دوکەڵ و نیشانەکردنی دوژمن و سوتاندنی پەناگەکانی ژێرزەوی و بیناکان.

لەبەرئەوەی یاسا ڕێگەیداوە بە بەکارهێنانی، چەکەکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەکو چەکێکی کیمیایی قەدەغە نەکراوە، بەڵام دەتوانرێت زیانێکی گەورەی هەبێت، وەکو سوتاندن.

فسفۆڕی سپی بەپێی پڕۆتۆکۆڵی سێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی هەندێک لە چەکە ئاساییەکان بە چەکێکی سوتێنەر ناسراوە. ئەم پڕۆتۆکۆڵە بەکارهێنانی چەکە سوتێنەرەکان دژی ئەو ئامانجە سەربازییانە قەدەغە دەکات کە لە نێو هاووڵاتیانی مەدەنیدان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئیسڕائیل ئەو پەیماننامەیەی واژۆ نەکردووە و پەیوەست نیە پێوەی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG