لە کۆبونەوەیەکی ڕۆژی چوارشەممەیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات.
کۆبونەوەکە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەریم بەڕێوە چوو وتیایدا سهرهتا عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچون، دواهەنگاو و بەرەوپێشچونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم خستەڕوو. ڕاگەیاندنی حکومەتی هەرێم دەڵێت ئەم هەنگاوە " دەستپێشخەری شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بوو بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا."
حکومەتی هەرێم دەشڵێت " لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا."
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا تاوتوێی بابەتەکانی پەیوەست بە هناردەکرنی نەوتی هەرێم کراوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. حکومەتی هەرێم دەڵێت " هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستکردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بکات. ئەمەش نیازپاکیی هەرێم پیشان دەدات."
دەشڵێت " هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیيەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لەبارەی خەرجیيەکان بە گرنگ زانی تاوەکوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهان سەرکەوتوو بێت".
لە مانگی 3 ی ئەمساڵەوە و بەهۆی بردنەوەی عێراق لە تورکیا لەو سکاڵا یاساییەی لەدادگای ناوبژیوانی پاریس تۆماریکردبوو، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە. هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەی یاسای نەوت و غازەوە، بەشێک لەو دەسەڵاتانە بەدەست بهێنێتەوە، کە بەهۆی بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانییەوە لەدەستیداون.
لە کۆبونەوەکەی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کردووە بەبۆنەی ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکە.