Accessibility links

بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە هێرشەکانی حەماسدا


ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە ناکاوەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکردووە و لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندی و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستین و پێدەچێت ئێرانیش بکاتەوە.

لە سەرەتای هێرشی سەربازیی حەماس لە 7ی مانگی 10 بۆ سەر زیاتر لە بیست شارۆچکە و چەند بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل کۆماری ئیسلامی ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە فەرمانی هێرشەکان لە تارانەوە دەرچووە.

هەروەها دوای هێرشەکە، ڕۆژنامەکانی واڵ ستریت ژۆرناڵ و واشنتن پۆست لە دوو ڕاپۆرتدا بڵاویان کردەوە کە بەڵگەی ڕوونیان دەستکەوتووە سەبارەت بە تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پلاندانانی ئەو وڵاتە لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.

لە کاتێکدا ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردوەتەوە کە حەماس ساڵێک لەمەوبەر بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی هێرشەکەیان داڕەشتووە، بەڵام ئێران هەرجۆرە بەشدارییەک لەو هێرشانەدا ڕەت دەکاتەوە و کاربەدەستانی بەڕێوبەرایەتی بایدن و زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواش، لەوانە فەرەنسا، دەڵێن بەڵگەی بەشداری ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی گرووپی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلیان لەبەردەستدا نییە.

لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەن بەرپرسێکی ئیستا و پێشووی دەزگای هەواڵگرییەوە هاتووە کە ئێران ڕاهێنانی سەربازی و هاوکاری لۆجستی و دەیان ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە میلیشیا فەلەستینییەکان کردووە بۆ کڕینی چەک و کەلوپەل و دەشڵێن ئەگەریش بە دیاریکراوی ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا دیار نەبێت، بەڵام هێرشەکان ئاماژەن بۆ خواستی تاران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل لە ڕێگای پڕچەککردنی چەکدارەکانەوە بە چەکی پێشکەوتوو.

هەروەها ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی ئەندامانی باڵای حەماس و حزبوڵڵای لوبنان، بڵاویکردوەتەوە کە کاربەدەستانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکار بوون لە پلاندانان بۆ هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و نووسیوێتی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە مانگی ڕابردوودا و لە میانەی چەندین کۆبوونەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی چوار گرووپی میلیشیایی که له لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، وردەکاری پلانی هێرشەکانیان داڕشتووە.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی سێشەممە، 10ی مانگی دە لە میانەی ڕێوڕەسمێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە هێرشەکان، گوتی "ئێمە دەست و چاوی داڕێژەرانی زیرەک و لاوانی فەلەستینی ماچ دەکەین بۆ ئەو هێرشانە، بەڵام ئەوانەی دەڵێن هێرشەکەکانی ئەم دواییە کاری خوودی فەلەستینییەکان نییە، بە هەڵەدا ڕۆیشتوون."

هەروەها کۆشکی سپییش ڕایانگەیاندووە هێشتا هیچ زانیاری و بەڵگەیەکی دەستنەکەوتووە کە باس لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بکات.

مایکڵ پرێجێنت، شرۆڤەکاری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی هادسۆن لە واشنتن دی سی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ سەبارەت بە دانیشتنی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس لە لوبنان، گوتی "لە ڕاستیدا پێویستمان بە بەڵگەنامە نییە بۆ سەلماندنی ئامادەکارییەکانی ئێران و هەڵکردنی چرای سەوزی ئەو وڵاتە بۆ هێرشەکان، چونکە ئەوە ڕوونە کە تواناکانی حەماس، حزبوڵڵای لوبنان و جیهادی ئیسلامی فەلەستین هەمووی بەستراونەتەوە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانەوە."

ئەو شرۆڤەکارەی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دامەزراوەی هادسۆن بەڕێوبەرایەتی بایدن بۆ هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی کارە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد و گوتی "حکومەتی ئێستای ئەمەریکا دەیەوێت ڕۆڵی ئێران لەو هێرشەدا پەردەپۆش بکات."

مایکڵ پرێجێنت هەروەها گوتی دانیشتوانی غەززە بوون بە قوربانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حەماس و گوتیشی بە سەرێکەوە ئیسرائیل بە ئامانجی گۆشەگیرکردنی حەماس، ڕۆیشتنی ئاو و کارەبای بۆ غەززە داخستووە و لە لایەکی دیکەشەوە حەماس بە هێشتنەوەی دانیشتوانی غەززە و ئەوانەی کە بە بارمتەی گرتووەن، خەڵکە مەدەنییەکە دەکاتە قوربانی هێرشەکانی ئێسرائیل بۆ سەر غەززە.

هاوکاتی تۆمەتبارکردنی بەڕێوبەرایەتی بایدن بۆ پەردەپۆش کردنی تێوەگلانی ئێران لە هێرشەکانی حەماس لە لایەن ئەم شرۆڤەکارە ئەمەریکاییەوە، زۆرێک لە کۆمارییەکانیش ڕەخنەی ئەوە دەگرن کە بەڕێوبەرایەتی بایدن لە رێگای ئازادکردنی دارایی و پارەدان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سوپای پاسدارانی بەهێزتر کردووە لە کارە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە هەندێک پێیان وایە ڕاستە کە حەماس و ئێران، دوژمنی هاوبەشیان هەیە، بەڵام ئەوە هەڵەیە ئەگەر وا بیربکرێتەوە کە حەماس سەربەخۆ لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵسوکەوت ناکات و هۆکاری ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە حەماس گروپێکی توندڕەوی سوننەی سەلەفییە کە ڕەگ و ڕیشەی ئیخوانی و جیاواز لە کۆماری ئیسلامی ئێرانی هەیە. شایانی باسە کە حەماس پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەدام حوسێنیشدا هەبوو، تا ئەو ڕادەیەی کە بە فەرمی سزای لەسێدارەدانیشی سەرکۆنە کرد.

لە شەڕی ناوخۆی سوریاشدا، حەماس سەرەڕای پەیوەندی باشی لەگەڵ حکومەتی سوریا، بەڵام پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی کرد و ئەم پرسەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ماوەیەک ئاڵۆز کرد، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، ئامانج و پلانی هاوبەشیان هەیە کە وایکردووە ببێتە هۆی هاوکارییەکی بەرفراوان و بەردەوامی نێوانیان.

زۆرێک پێیان وایە هەرچەندە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆش بەشداری پلان و هێرشەکانی نەکردبێت، بەڵام بەو پێیەی کە سیاسەتی حەماس، لەناوبردن و قەبووڵنەکردنی ئیسرائیلە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی لاوازکردنی فەتح و هەوڵە ئاشتیخوازەکانی فەلەستین کە ئامادەن بوونی ئیسرائیل لە فەلەستین قبوڵ بکەن، هاوکاری دارایی، هەواڵگری، سەربازی و چەکداریی پێشکەش بە حەماس دەکات بۆ پێشخستنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا و بۆ لاوازکردنی ئیسرائیل و هەروەها بۆ تێکدانی ڕێککەوتنی ئیبراهیم و ئاساییکردنەوە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG