Accessibility links

بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ بە نێرگس محەمەدی کاردانەوەی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێدەکەوێتەوە


دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگەیاندنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ نێرگس محەمەدی، کەسایەتییە ناودارەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر بە هەواڵەکە هەبووە.

دوای ٢٠ ساڵ ئەمە دووەم جارە کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە یەکێک لە بەناوبانگترین خەڵاتە جیهانیەکانە، بە ژنێکی ئێرانی دەبەخشرێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگس محەمەدی بە "بیرخستنەوەیەکی گرنگ" ناوبرد سەبارەت بەوەی کە مافەکانی ژنان و کچان لە ئێران و ناوچەکانی دیکەی جیهان ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی توند دەبنەوە.

بە گوتەی گۆتێرێس، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕێزلێنانێکە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ئازادی و تەندروستی و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی خەبات بۆ مافەکانیان بکەن.

ئەڵمانیا

ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاردانەوەی بە هەواڵی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ نێرگس محەمەدی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئەم خەڵاتە بۆ نێرگس محەمەدی و ئەو ژنانەی ئێرانە کە ئازادییان دەوێت. دەنگی بوێرانەی محەممەدی ناتوانرێت زیندانی بکرێت و داهاتووی ئێران هی ژنەکانی ئەو وڵاتەیە."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە زمانی کوردی و فارسی و ئینگلیزی لە نووسینەکەیدا نووسیوێتی، ژن،ژیان،ئازادی.

پەرلەمانی ئەوروپا

ڕۆبێرتا مێتسولا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە وەڵامی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی 2023 بە نێرگس محەمەدی ڕایگەیاند و گوتی "ئەو لە ناو زیندانەوە لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئازا و بوێر شەڕ بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی و بەرابەری دەکات."

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی

لە کاردانەوە بە پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە نێرگس محەمەدی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی "دەستبەجێ و بێ مەرج"ی محەمەدی دەکات و دەڵێت "پێدانی ئەو خەڵاتە بە خاتوو محەمەدی پەیامێکی ڕوونە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە سەرکوتکردنی ڕەخنەگرانی ئاشتیخواز و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بێ کێشە نابێت بۆی و تێچووی بۆ ئەو دەسەڵاتە دەبێت."

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا

جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیاش کاردانەوەی بەرامبەر بە هەواڵەکە دەبێت و ڕایگەیاندوە "پیرۆزبایی لە نێرگس محەمەدی دەکەین بەبۆنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و پابەندبوونی ئەو ئیلهامبەخشە بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهان بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و مافەکانیان. ئیتالیا هەمیشە بۆ ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان و ئازادی، پاڵ ژناندا دەوەستێت."

کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بە فەرمی کاردانەوەی بەرامبەر بە پێدانی ئەو خەڵاتە بە نێرگس محەمەدی نەبووە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی و خەڵکی ئێران خۆشحاڵی خۆیان بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بە خاتوو محەمەدی دەربڕیوە.

XS
SM
MD
LG