Accessibility links

ئێران و ڤەنزوێلا پاڵاوگەیەکی نەوت لە حومسی سوریا دادەمەزرێنن


میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە ئێران، ڤەنزوێلا و سوریا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردووە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پاڵاوگەیەکی نوێ لە پارێزگای حومسی سوریا بە بەڕێوەبردنی ئێران و هاوکاری ڤەنزوێلا دروست دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی "ئیلنا"ی ئێرانیش هەواڵەکەی پشتڕاستکردوەتەوە و لە هەواڵێکدا نووسیوێتی ئێران دەیەوێت پاڵاوگەیەکی نوێی نەوت لە پارێزگای حومسی سوریا دابمەزرێت.

لە هەواڵەکەی ئیلنا هاتووە کە دروستکردنی ئەو پاڵاوگەیە بە توانای 140 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە چوارچێوەی ئەو یاداشتانەدایە کە ئێران لەگەڵ سوریا و ڤەنزوێلا واژۆیان کردووە.

جەلیل سالاری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نیشتمانی ئێران بۆ پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بە ئاماژەدان بەوەی کە هەرسێ وڵات بەم زووانە دەچنە قۆناغی دارایی و بنیاتنانی ئەو پاڵاوگەیە، گوتی "ئەو لێکۆڵینەوەیانەی ئەنجام دراون نیشان دەدەن کە سوریا و وڵاتانی دراوسێی پێویستیان بە بەرهەمە نەوتییەکان هەیە و بۆیە پاڵاوگەیەک بە توانای 140 هەزار بەرمیل، لە تەنیشت دوو پاڵاوگەی ئێستای حومس و بانیاس لە سوریا دروستدەکرێن.

بە گوتەی سالاری ئەگەر چاکسازیی گەورە لەو پاڵاوگەیەدا بکرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی سوریا بکات.

دەشلێت پلانە نەوتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا لە ڕوانگەی سیاسیشەوە گرنگن، چونکە "بە یارمەتیدان لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ بەرەی خۆڕاگری، ئامرازەکانی بەهێزکردنی بۆ دابین دەکرێت".

دروستکردنی ئەم پاڵاوگەیە بەشێکە لە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڤەنزوێلا لە بواری پەرەپێدانی ژێرخانی بەرهەمهێنانی نەوتدا. لە ئێستادا پاڵاوگەی نەوتی ئێل پالیتۆ لە ڤەنزوێلا لە چوارچێوەی گرێبەستێکی 100 میلیۆن یۆرۆیی کە لە مانگی پێنجی ساڵی 2022 لەگەڵ کۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران واژۆ کرا، نۆژەن و پەرەپێدانی بۆ دەکرێت.

ئێران هەروەها کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەی پاڵاوگەی پاراگوانا دەکات کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ڤەنزوێلایە. هەروەها ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد.

XS
SM
MD
LG