Accessibility links

کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە تەقەی پاسەوانانی سنووری ئێران دەکوژرێت


سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن کۆڵبەرێک لە شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سەرسنوری ئێران کۆژراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان کە هەواڵی پێشێلکارییە مرۆییەکانی شارەکانی کوردستان لە ئێران ڕۆماڵ دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە شەوی هەینی، 29ی مانگی نۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە نزیک ناوچەی سنووری "هەنگەژاڵە"ی بانە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و لە مەودای نزیکەوە، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کردوەتە ئامانج کە لە ئەنجامدا گەنجێکی کۆڵبەر کوژراوە.

ماڵپەڕی کۆردپاش هەواڵی کوژرانی ئەو كۆڵبەرەی پشتڕاستکروەدەوە و نووسیوێتی کۆڵبەرەکە ناوی محەممەد خالیدی تەمەن 28 ساڵە.

محەممەد خالیدی تەمەن 28 -کۆڵبەر
محەممەد خالیدی تەمەن 28 -کۆڵبەر

کۆڵبەری لە ئێراندا وەک پیشە لەلایەن بەشێک لە کوردانی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانەوە ئەنجام دەدرێت و هۆکاری سەرەکی کۆڵبەریش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەلی کار و بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئەو خەڵکانە.

هەروەها ماڵپەڕی "کۆڵبەر نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا کە 23ی مانگی نۆ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە گشتی 85 کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانانای سەرسنور، یان کوژراون یان بریندار بوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی کۆڵبەر نیوز لەو ژمارەیە 13 کۆلبەر کوژراون و 72 کۆلبەریش بریندار بوون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕاپۆرتی ساڵانەی گرووپی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ ساڵی ڕابردوو باس لەوە دەکات کە ساڵی ڕابردوودا 21 کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران کۆژراوە و 133 کۆڵبەریش برینداربوون.

هەروەها ساڵی ڕابردوو 26 کۆلبەری دیکە بەهۆی بارودۆخی خراپی کەشوهەوا و کەوتنەخوار لە بەرزاییەوە برینداربوون کە 2 کۆلبەریش هەر بەو هۆکارانە گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG