Accessibility links

سویسرا سزای نوێی بەسەر ئێران لە پێوەند بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا دەسەپێنێت

حکوومەتی سویسرا ڕایدەگەیەنێت لە پێوەند بە ناردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تاران بۆ ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.

ئەنجوومەنی فیدراڵی سویسرا ڕۆژی هەینی، 29ی مانگی نۆ ڕایگەیاند کە فرۆشتن، دابینکردن، هەناردەکردن و ترانزێتی ئەو پارچەیانەی کە بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەکاردەهێنرێن، لە ئێستادا قەدەغەیە و دەشڵێت سزای دارایی وقەدەغەی گەشتکردن بەسەر لایەن و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار کە پشتیوانیان لە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران کردووە، سەپاندووە.

پێشتریش ئەمەریکا، یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە پێوەند بە ناردنی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئێران بۆ ڕووسیا بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و ناوچەی نیشتەجێبوون لە ئۆکرانیا، سزایان بەسەر تاراندا سەپاندووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ڕۆژی پێنجشەممە 28ی مانگی نۆ لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند کە تەنیا لە ئێوارەی هەمان ڕۆژەدا، ڕووسیا 40 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لە جۆری شاهیدی ئێرانی بۆ سەر ئۆکرانیا هەڵداوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵیت ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا بووە، بەڵام ئۆکرانیا ئێران بە درۆ کردن تۆمەتبار دەکات و دەڵێت تاکو ئیستا زیاتر لە 400 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.

سەرچاوە/بڵومبێرگ

This item is part of
XS
SM
MD
LG