لە درێژەی دەستبەسەر کردنی بنەماڵەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابروودی ئێران کە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا، هێزەکانی ئاسایشی ئێران سۆڵماز حەسەنزادە خوشکی محەممەد حەسەن زادە کە قوربانییەکی ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان بوو، دەستبەسەر دەکەن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە هەواڵێکدا لەم بارەیەوە نووسیوێتی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 27ی مانگی نۆ سۆڵماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەن زادە، یەکێک لە قوربانیانی "ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی" لە بۆکان لەگەڵ سێ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی شیدا ڕەزایی، شیرین خەیات و سیمین خەیات ، لە دەروازەی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دەستگیرکردنی ئەو 4 کەسە بەبێ فەرمانی دادگا ئەنجامدراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەکیش لەبارەی چارەنووسیانەوە دەستنەکەوتووە.
دوای دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی سۆڵماز حەسەنزادە لە شاری بوکان و ماڵەکەیان پشکنیوە.
سۆڵماز حەسەنزادە پێشتریش لە 5ی مانگی نۆ لەگەڵ ئەحمەد حەسەنزادەی باوکی دوای بانگهێشتکردنی بۆ بنکەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بوکان دەستبەسەر کرابوو.
سۆڵماز خۆشکی محەممەد حەسەنزادەی تەمەن 28 ساڵە کە لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو هەفتەیەک پێش ئاهەنگی هاوسەرگیریی، لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی شاری بوکان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.