سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ئامادەیە ناکۆکییەکان لەگەڵ کوەیت سەبارەت بە ڕێڕەوی دەریایی خورعەبدوڵا لە نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکات.
لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیاری چارەسەرێکە کە لەگەڵ دەستوورەکەی یان لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ حکومەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە عێراق ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کوەیت دەگرێت و پابەندە بە هەموو ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ وڵاتان و بە بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەم مانگەدا بڕیاریدا کە ڕێککەوتنی دوولایەنە بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی لەسەر ڕێڕەوی ئاوەکە نادەستوورییە. دادگا ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە یاسای پەسەندکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن دوو لەسەر سێی پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.
سنووری وشکانی هاوبەشی ئەو وڵاتانە لە ساڵی 1993 لە دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکرا، بەڵام مەودای درێژیی سنوورە دەریاییەکانی نەگرتەوە. بابەتەکە بۆ هەردوو وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت جێهێڵرا تا یەکلایی بکەنەوە.
لە ساڵی 2012دا ڕێککەوتنێکی سنووری دەریایی لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کرا و لە ساڵی 2013 لەلایەن هەریەک لە دەزگاکانی یاسادانانەوە پەسەندکرا.
سەرۆک وەزیرانی کوەیت بڕیارەکەی دادگای عێراقی سەبارەت بە ڕێڕەوی ئاوەکە بە "هەڵەی مێژوویی" وەسف کرد و داوای لە عێراق کرد ڕێوشوێنی کۆنکرێتی و یەکلاکەرەوە و بەپەلە" بگرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنی.
خور عەبدوڵا دەكەوێتە باكوری كەنداوی عەرەبی و لە نێوان دوورگەكانی كوەیت و بەنداوی فاوی عێراق درێژ دەبێتەوە بۆ ناو خاكی عێراق كە بەندەری ئوم قەسری عێراقی تێدا هەڵكەوتووە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز