پەرلەمانی تورکیا، 1ی مانگی دەی 2023 دەست بە دانیشتنەکانی دەکاتەوە، پرسی هەموارکردنەوەی دەستوور بابەتی هەرە سەرەکی دانیشتنەکە دەبێت.
ئایهان بیلگەن، سەرۆکی پارتی سەردەمی زێڕینی دەنگی تورکیا (SES) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر بڕیارە دەستوور لە تورکیا بگۆڕدرێت، دەبێت کوردیش بخرێتە ناو دەستوورەکەوە.
بیلگن بە گرنگی دەزانێت هەموو هەنگاوێک لەم ڕووەوە بنێت و دەڵێت " لە بواری زۆرینەگەراییدا ئەگەر هەنگاوێکی ئەرێنی بنێین، ئەمە بەڕای من گرنگە". ئەگەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە گۆڕینی دەستووردا بنرێت، پێموایە دەرگایەک بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی کورددا دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر وەک جاران بچن و بڵێن ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، ئێمە نایگۆڕین، ئەوکاتە هیچ پێشکەوتنێک بەدی ناکەین.
دەستووری تورکیا لە ساڵی 1982 دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 پێکهێنراوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە یادی 43 ساڵەی کودەتای سەربازیدا داوای لە ئۆپۆزسیۆن کرد دەستوور بگۆڕن و ڕایگەیاند، "با لە پەرلەمان دانوستان بکەین بۆ دەستورێکی نوێ و مەدەنی ڕابگەیەنین".
بۆ گۆڕینی دەستوور پێویستی بە 360 دەنگ هەیە. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە تەنها ناتوانن ئەو ژمارەیە پێکبهێنن. بەڵام بەپێی ژمارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، کۆی دەنگەکانی هاوپەیمانی کۆمارییەکان 321 دەنگە و ئەوانی دیکەش 279 دەنگن کە کۆی دەنگی ئۆپۆزسیۆنە.
ئایهان بیلگەن، ئاشکرای دەکات کە لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە دەستووردا، پێویستە هەموو تورکیا بە تەواوی بەم دەستوورە ڕازی بێت. بیلگن ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن دەستوەردان لەم کارەدا نەکات و ڕۆڵی ئەرێنی تێیدا بگێڕێت، دەتوانرێت هەنگاوێکی ئەرێنی و گەورە بنرێت.
دەشڵێت "بە بۆچوونی من ڕێککەوتنێکی تەواو پێویستە بۆ ئەم دەستوورە نوێیە". ئەگەر هەنگاوێکی بچووکیش بێت، شتێکی ئەرێنییە کە دەتوانین لێی نزیک ببینەوە، لەم ڕووەوە بارگرانییەک دەکەوێتە سەر دیوی ئۆپۆزسیۆن. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن وەک جاران بڵێت من ئەمە دەست پێ ناکەم، ئەوکات هیچ شتێک بەرەو پیشچوون بەخۆیەوە نابینێت. لە بەرزڕاگرتنی دەستووردا ئازایەتی پێویستە. ئەگەر حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بە بوێریەوە کۆببنەوە، باوەڕم وایە دەستوورێکی دیموکراسی دەبێت”.
شارەزایانی سیاسیش دەستورێکی دیموکراسی بە پێویست دەبینن، بەڵام هەندێکیان هەرچەندە هەڵوێستی حکومەت بەشێوەیەکی ئەرێنی دەبینن، بەڵام گومانیان هەیە لە گرتنەبەری ئەو هەنگاوە.
زانای سیاسی بێرک ئیسن یەکێکە لەو کەسانەی کە گومانین هەیە و لەسەر هەڵوێستی ئەردۆغان سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور دەڵێت "حوکمڕانی ئاکەپە 20 ساڵی خایاندووە". ئێستاش ئەو هەنگاوانەی کە دەیگرنە بەر دژی بە دیموکراسی بوونن، بەڕای من ئەردۆغان دەیەوێت بە یاسا نوێیەکە ئەم دەسەڵاتە پاوانخوازە بەهێزتر بکات”.
تا ئێستا هیچ هاوکاری و دەستپێشخەریەکی ئەرێنی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لەسەر داوای ئەردۆغان نەکراوە. بەڵام پارتی گەلی کۆمار (جەهەپە) و پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بە شێوەیەکی ئەرێنی لە داواکارییەکانی ئەردۆغان نزیک نەبوونەوە.