ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ترلیۆن دینار قەرزدارە، کە دەکاتە بودجەی زیاتر لە 3 ساڵی پشکی حکومەتی هەرێم. سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێمیش ڕەتی ناکاتەوە کە حکومەت قەرزدارە. دەشڵێت "ئەنجامی کۆبوونەوەکانی حکومەتی هەرێم و ناوەند جێگەی تموحمان نەبووە و دەبێت ساڵی داهاتوو بچێنە دانوستانێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی چونکە کێشەکانی نێوان هەردوولا سیاسین."
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە پێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشکی خۆی (لە سەروو پشکی خۆیەوە) 5 ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە."
دەشڵێت "دوای سەردانی وەفدی هەرێم بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی،سودانی موافەقەتی کردووە بۆ ماوەی سێ مانگ 2 ترلیۆن و 100ملیارمان بدەنێ، لە ڕێگەی بانکەکانی (TBI، ڕافیدەین و ڕەشید) ،هەرچی بانکی TBIیە 2 ترلیۆن و نیوی لای حکومەتە، پێنج 400 ملیاریشمان پێشتر بە قەرز وەرگرتووە( پێنج کەڕەت 400 ملیار) ، کە دەکاتە دوو ترلیۆن دینار."
دەشڵێت،"پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو، هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە. بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت 2 ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەکەی تر ماوە کە دەکاتە نزیکەی (43.500 ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر بە دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار."
لە یاسای بوودجەی عێراق، پشکی کورد بە ڕێژەی لە سەدا 12.67% دیاری کراوە، کە دەکاتە 16 ترلیۆن و 498 ترلیۆن دینار لە ساڵێکدا.
بەپێی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەو 2 ترلیۆن و 100 ملیارەی(کە دەکاتە سێ کەرەت 700 ملیارە)ی کە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە وەک قەرز بیداتە حکومەتی هەرێم، لە ڕێگەی هەریەکە لە بانکەکانی ,TBI) ڕافیدەین و ڕەشید) سوودی دەچێتە سەر، پێشتریش ئەو بانکەکانە بە سوودی لە 4% قەرزیان بە حکومەتی عێراق داوە.
ئەو پارانەی کە حکومەتی هەرێم قەرزدارە، پێکهاتووە لە پشکی کۆمپانیاکان، پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران، و ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە ناوەندی وەرگرتووە وەکوو قەرز.
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتیش لە وەزارەتی دارایی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، سەرەڕای ئەوەی نەیشاردەوە حکومەت قەرزدارە، گوتیشی ،"ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە دڵی ئێمە نەبوون وەک وەفدی هەرێم."
سەرچاوەکە ڕایگەیاند،"ڕاستە حکومەت قەرزار بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ هەرچۆن بێت موازەنە تێپەڕێت، خەرجی فعلی لە یاسای بودجە زۆر بە زەرەری ئێمەیە، دەمانەوێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی جیا بکەینەوە، دەچینەوە دانوستانێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا."
دەشڵێت،"دەمانەوێت، کێشەکان بە سیاسی حل بکەین چونک کێشەکان سیاسین. لە ساڵی تازەدا گفتوگۆ دەستپێدەکەین، چونکە لەیاسای بودجەدا، بۆمبی زۆر بۆ کورد دانراوە."
دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار قەرز بداتە حکومەتی هەرێم و هەرێمیش دەڵێت ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان کردووە.
هەرچەندە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە کە پێکهاتووە لە مووچەی مانگەکانی 7 و 8، بەڵام ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەزارەتی دارایی ڕاسپارد لەگەڵ گەشتنی پارەکەی عێراق، ڕاستەوخۆ بێ دواکەوتن دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز بکرێت، داواشی لە عێراق کرد کێشەی مووچە بە شیوەیەکی بنەڕەتی و دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت.
باڵام سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم لە وەزارەتی دارایی، ڕایدەگەیەنێت، چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 دیار نییە، بەڵام مانگەکانی تر دابەش دەکرێت، ئەگەر حکومەتی عێراق بڕی 700 ملیارەکە بنێرێت.
سەرچاوەکە رایگەیاند،"هێشتا نەتیجەی پارەی 7 و 8 دیار نییە، بەڵام مووچەی مانگەکانی تر ئەدەین، هەرچەندە حکومەت هەموو هەوڵێک ئەدات مانگەکانی 7 و 8یش دابین بکات."
وتیشی،" ئەنجامی کۆبوونەوەکان جێگەی تموحی وەفدی کورد نەبووە، لە دانوستانەکان وەعدی زۆریان داوە، بەڵام نەتیجەکە بە دڵی ئێمە نەبوە، ئێمە داوای پارەی شەش مانگمان کرد، بەڵام ئەوان پارەی سێ مانگیان داواکردووە بە 700 ملیار دینار."
هەرچەندە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، دۆخەکەی بە مەترسی لەسەر حکومەتی هەرێم ناو برد، بەڵام ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق داوای قەرزەکانیشی بکاتەوە، پێدەچێت بەشێوەی قیست و مانگانە بێت، نەک هەموو بەشە پشکی هەرێم ببڕێت.
ڕایگەیاند،"ئەگەر محاسەبەی هەرێم بکەن لەسەر ئەوەی قەرزی وەرگرتووە، دەبێت پاکتاو بکرێت، پێدەچێت بە قیست وەری بگرنەوە."