Accessibility links

فەرماندەی 'بەرگری نیشتمانی سوریا'ی سەر بە ئێران لە پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی ئەسەد دەکوژرێت


چەکدارێکی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا کە یەکەیەکی چەکداری خۆبەخشن بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد و لەژێر فەرماندەیی سوپای سوریادا کاردەکەن.
چەکدارێکی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا کە یەکەیەکی چەکداری خۆبەخشن بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد و لەژێر فەرماندەیی سوپای سوریادا کاردەکەن.

فەرماندەی هیزەکانی 'بەرگری نیشتمانی سوریا' کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دوای گەمارۆدانێکی چەند ڕۆژەی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە دەکۆژرێت.

عەبدولقادر حەممۆ، لە شاری حەسەکە، ڕۆژی هەینی، 22 ی مانگی نۆ بە دەستی هێزەکانی حکومەتی سوریا کوژرا، ئەمەش پاش ئەوەی ئەو فەرماندەیە لێیان هەڵگرایەوە.

هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا (الدفاع الوطني) لقێکە لە هێزە چەکدارەکانی سوریا کە لە ساڵی 2012 لەلایەن ئێرانەوە بە هاوکاری قاسم سولەیمانی بۆ پاڵپشتی هێزەکانی ئەسەد بۆ شەڕی ناوخۆی سوریا ڕێکخراوە.

بە پێی میدیا و ڕۆژنامە ناوخۆییەکانی سوریا، گرژیی نێوان فەرماندەی هیزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا و هێزەکانی ئەسەد لە ناوەڕاستی مانگی هەشتەوە دەستیپێکردوە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاری دوورخستنەوەی حەممۆ لە پۆستەکەی لە لایەن دەسەڵاتی ئەسەدەوە بە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی ناوبراوە لەگەڵ سەرۆکی عەشیرەتی جبوور درابوو، بڕیارێک کە فەرماندەی هیزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا ڕەتیکردبووە جێبەجێ بکات و بۆیە لە درێژەی ناکۆکییەکاندا، شەڕی نێوانیان چووەتە ناو شەڕێکی چەکداری و لە ئەنجامیشدا دوای ئەوەی هێزەکانی ئەسەد بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی قورس بینای عەبدولقادر حەممۆیان گەماڕۆدا، ناوبراو پێش ئەوەی دەستبەسەر بکرێت، خۆی دەکوژێت.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا، زانا عومەر دەڵێت "لە ئەنجامی گولەی بەرەڵا و تەقەی هەڕەمەکی کە لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی بەرگریی نیشتمانی لە ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی حەسەکە دروستبووە، چەند هاوەڵاتییەکی مەدەنیش برینداربوون."

ڕاپۆرتێک لە بارەی کوژرانی سەرکردەی هێزەکانی ناسراو بە "بەرگری نیشتمانی سوریا" لە حەسەکە
please wait

No media source currently available

0:00 0:00:59 0:00

زۆرینەی سنووری پارێزگای حەسەکە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە، تەنها ناوچەیەک نەبێت پێی دەگوترێت "ناوچەی چوارگۆشەی ئەمنی" کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە و شەڕ و پێکدادانەکە لەوێ روویداوە.

سەرچاوە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن هێزەکانی ئەسەد بە ئاسانکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات هێرشەکەیان بۆ سەر یاخیبوان و فەرماندەی هیزەکانی بەرگری نیشتمانی سوریا دەستپێکردووە کە تێیدا لە بە چەکی قورس و تانک هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی سەرکردەی ئەو گرووپە میلیشیایە.

هاوکاتی ئەم رووداوە، میدیاکانی حکوومەتی ئێران ڕایانگەیانددوە ئیسماعیل قائانی،، فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە جیاتی قاسم سولەیمانی دانراوە، ڕۆژی پێنجشەممە، 22ی ئەم مانگە لە گەشتێکدا ڕۆیشتووەتە سوریا و سەردانی یەکە زرێپۆش و تۆپخانەکانی سوپای سوریای کردووە.

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشێکی ئەمەریکا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران بە وریایی زیاترەوە وردەکاری گەشتی فەرماندە سەربازییەکانی بۆ سوریا و عێراق بڵاو دەکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا تا ئێستا هیچی لەبارەی گەشتەکەی ئیسماعیل قائانی بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا دیار نییە گەشتەکەی ئەو فەرماندە باڵایەی ئێران تا چەند پەیوەندی بە یاخیبوونەکەی عەبدولقادر حەممۆوە هەیە کە یەکێک لە کەسە نزیک و جێگای متمانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.

XS
SM
MD
LG