Accessibility links

هێزەکانی ئێران فشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی پاش مەرگی ژینا کوژراون، زیاد دەکات


لە پاش ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیەوە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامن لە فشارەکانیان بۆ سەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی ساڵانەی ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتیەکانی پاش مەرگی ژینادا کوژراون.

ڕۆژی پێنجشەممە هێزە ئاسایشیەکان لە شارۆچکەی هانیوانی سەر بە ئیلام هێرشیان کردە سەر ئەو خەڵکەی لە گۆڕستانی شارۆچکەکە کۆببونەوە بۆ بەشداری کردن لە مەڕاسیمی ساڵانەی موحسین قیسەری کە لەخۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا کوژرا. بە پێی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، هاوکاتی ئەو ڕێوڕەسمە چەند کەسێکیش دەستگیر کراون و هێزەکان "بەشێوەیەکی دڕندانە لە کۆمەڵێک خەڵکیشیان داوە."

بە پێی زانیارییەکانی کە لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دامودەزگاکانی ئاسایش " بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان کردووە و خستوونیانەتە ژێر گوشارەوە تاکوو ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خۆشەویستەکانیان لەسەر مەزارەکانیان یاخود لە ماڵەوە بەڕێوە نەبەن."

شەماڵ مامزادە بۆکانی، نووسەرو لێکۆڵەری بواری ستراتیژییە سیاسییەکان دەڵێت" ڕەوشی شارەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی ڕەوشێکی سەربازییە و ملیتاریزە کردن بە چەک و چۆڵی قورس و نیوەقورسەوە تا ئێستاش بەردەوامە و هەر جارەوە لە ناوکاو دەچنە سەر ماڵی شۆرشگێڕان و بە بێ هێچ پاساوێکی یاسایی دەستگیر دەکرێن."

دەشڵێت "بە پێی زانیارییەکان لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تا ئێستا هیچ کەسێک لە دەستگیر کراوەکان ئازاد نەکراون ."

مامزادە بۆکانی لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد دەستگیرکراوەکانی ئەم جارە کەسانی بەساڵاچووشی تێدایە کە کاریگەرییان هەیە لەسەر مانگرتنی بازاڕ، "بۆیە لە رێگەی ئازاردانی ئەوانەوە ئامانجیانە کەسو کارەکانین کۆتایی بە خۆیشاندانەکان بێنن."

چەندی ئەندامی خێزانی مامزادە بۆکانی وەک خۆی دەڵێت لە مانگی چواری ئەمساڵەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کراون " ماوەی 5 مانگە دوو براو خوشەکەزایەکم و چەندین هەڤاڵی خوشکەزاکەم لەلایەن سازمانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری بۆکانەوە دەستگیر کراون و لە ئیستادا لە ئیتلاعاتی ورمێ بە شێوەی تاکە کەسی دەستبەسەرن. دەستگیرکراوەکان بریتین لە ئەحمەد مامزادە ، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی ، ڕزگار بابامیری ، پژمان سوڵتانی ، کاوە ساڵحی، جەوانمەرد مام خوسرەی و تەیفوور سەلیمی بابامیری."

وەستا ئەحمەدی مامزادە، تەمەن 65 ساڵ و ئەبووبەکر مامزادەی تەمەن 53 ساڵ برای شەماڵ مامزادە بۆکانین کە دەڵێت "تەنیا لە بەر ئەوەی برای منن دەستگیر کراون ، بۆ ئەوەی من چالاکییەکانم ڕابگرم ."

دەشڵێت "ئەو چەندکەسەی تریش کە دەستگیر کراون ، وەک خزمەتی مرۆیی کاری گەیاندنی دەرمان و خزمەتگوزارییان کردووە، بەڵام وا ماوەی 5 مانگ و 10 رۆژە بێ ئەوەی روونکردنەوە لە سەر تاوانەکانیان بدرێت و بدرێنە دادگا هەر وا دەستبەسەرن."

پاش مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵانی خەڵکی شاری سەقز، لە کاتێکدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئێرشاد) ەوە دەستبەسەرکرابوو، گیانی لەدەستدا، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی لە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد و تەواوی ئێرانی گرتەوە کە پاشان بە "شۆڕشی ژینا" ناودێرکرا.

بەڕێز مامزاد بۆکانی پێی وایە ئەم "شۆڕشە" بەردەوام دەبێت "خۆی لە سەرەتادا، بە ڕاپەڕین دەستیپێکرد، بەڵام لە دوای یەکساڵ لە ئێستادا وا خەریکە لۆژیکی شۆرش دەبێتە پێناسەی ئەو سەرهەڵدانە. هاوکاتیش بەم هۆکارە پێم وایە ئەم شۆڕشە لانیکەم لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بەردەوام دەبێت چونکە، لە ئیستادا ئەو بەرە نوێیەی کە دەنگی شەقامە، بەرەیەکی رۆشنبیرە، واتە بێگەڕانەوە بۆ کێشەکانی شوناسی ئایینی و ئیدۆلۆژی ، پێناسەو شوناسی نەتەوەیی خۆی وەک مافێکی یاسایی نێودەوڵەتی داوا دەکات."

دەشڵێیت "ئەم شۆڕشە ڕەوتی شۆڕشی شاخی وەک ڕەوتێکی کلاسیکی گۆڕی بۆ شۆڕشی جەماوەری شەقام."

لە ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینیدا، مانگرتنی گشتی و خۆپیشاندان لە شارەکانی کورستان ئێران بەڕێوە چوو و دەیان کەسیش دەستگیرکران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند بە پێی ئەو ئامارانەی دەستی کەوتووە، تەنها لە ماوەی 2 حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم 130 کەسی مەدەنی و چالاکوانی کورد لە شارەکانی مەریوان، سەقز، سنە، دیواندەرە، مەهاباد، دێهلۆران، ئەراک، کامیاران، قوروە، جوانڕۆ، کرماشان، بوکان و شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بێجگە لە کوردستانی ئێران لە چەندین شوێنی تریش چالاکی بەبۆنەی ساڵیادی ژیناوە سازکرا. هەروەها ژنان لە شارە گەورەکان دەستیان لە چالاکییەکانیان لە دژی حیجابی زۆرەمڵی نەوەستاندووە. هەر لەم چوارچێوەیەدا لیژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە لانیکەم 600 ژن لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە 16ی مانگی نۆ لە تاران دەستبەسەر کراون.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو لیژنەیەدا کە ڕۆژی پێنج شەممە، 21ی مانگی نۆ بڵاوی کردوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە ئێستادا 130 کەس لەو ژنانە لە بەشی 'زیندانی ژنانی قەرچەک' چاوەڕێی یەکلابوونەوەی دۆخەکەیانن.

لێژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەستبەسەرکراوان دەشڵێت زۆربەی دەستگیرکراوەکان دوای واژۆکردنی بەڵێننامە، لە دەستبەسەری پۆلیس ئازاد کراون و ئەو ژنانەش کە ئێستا لە زیندانی قەرچەکن، دۆسیەکانیان ناردراوە بۆ داواکاری گشتی و چاوەڕی دەکەن بە کەفالەت یان دانانی بارمتە ئازاد بکرێن.

XS
SM
MD
LG