Accessibility links

گۆهدار زێباری بەردەوامە لە مانگرتنەکەی و خێزانەکەی نیگەرانن لە باری تەندروستی کوڕەکەیان


گوهدار زێباری کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی بادینان، بڕیارە لە 1 ی مانگی دە لە دادگای کەتنی هەولێر دادگایی بکرێت بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت.

بەهۆی دواخستنی بڕیاردان لەسەر کەیسیەکەی و هێشتنەوەی لە زیندانی ئاسایشی گشتی لە هەولێر، وا بۆ ماوەی 2 هەفتەیە مانی لە خواردن گرتووە. پارێزەرەکەی ڕۆژی چوارشەممە هەوڵی دا بە کەفالەت ئازادی بکات، بەڵام دادگا داواکەی ڕەتکردەوە.

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری گوهدار زێباری لە وتوێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، وتی ئەگەر گوهدار بە کەفالەت ئازادبکرایە، ئەوا مانگرتنەکەی ڕادەگرت هەتا ئەو ڕۆژەی دادگایی دەکرا.

گوهدار لە 22 ی مانگی دەی 2020 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ حوکمی 6 ساڵ زیندانی درا بە پێی یاسایەکی کۆنی عێراق. پاشان بە فەرمانێکی سەرۆکی هەرێمی سزاکەی کەمکرایەوە، بەڵام دوو کەیسی دیکەی لە دژ تۆمارکرا بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی سێی 2023 تەواوببێت و جارێکی دیکە حوکمی زیندانی درایەوە بە تۆمەتی گۆڕینی "لۆگۆی ئۆتۆمبیلەکەی".

پاشان ڕۆژێک بەر لەوەی ماوەی زیندانیکردنەکەی لە 16 ی مانگی هەشتی 2023 تەواوببێت و ئازادبکرێت، ئەم جارەیان گوهدار گواسترایەوە بۆ زیندانی ئاسایشی گشتی بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت.

گوهدار ئەو ڕۆژەی دەستگیرکرا، وەک باس دەکرێت چەکێکی تاپڕ لە ئۆتۆمبیلەکەیدا گیراوە. لە 24 ی مانگی هەشت دادگا بڕیاری دا کەیسەکە لە ئاسایشی گشتییەوە بگوێزرێتەوە بۆ دادگای کەتنی هەولێر، بەڵام ئاسایش بڕیارەکەی جێبەجێ نەکرد.

ماڵباتی گوهدار دەڵێن لەسەر ئەو ناحەقییە، کوڕەکەیان وا زیاتر لە دوو هەفتەیە مانی لە خواردن گرتووە.

محەمەد ئەمین، باوکی گوهدار، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە دەنگی ئەمەریکا وت"دایک و خوشکی گوهدار لە 16 ی مانگی نۆ چوونەتە سەردانی گوهدار لە زیندانی ئاسایش، دەڵێن باری تەندروستی زۆر خراپە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی نەهێنێت."

خانەوادەی گوهدار دەڵێن تا ڕۆژی دادگا نیگەرانن لە ژیان و تەندروستی کوڕەکەیان.

باوکی گۆهدار دەڵێت ئەوان زۆر نیگەرانن چونکە گوهدار بەهۆی مانگرتنەکەوە زۆر لاواز بووە و ئاسایش مافی بەکارهێنانی تەلەفۆنی لێ قەدەغەکردووە. تەنانەت ڕێگا بە پارێزەرەکانیش نادرێت سەردانی بکەن.

پارێزەر ئارتیسی هیوادارە زێباری تا ڕۆژی دادگاییکردنەکە سەلامەت بێت و بەپێی یاسای هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت ژمارە 15 کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە هەموارکراوە دادگایی بکرێت. گوتیشی "تیمی پارێزەران هیوادارن دادگا ڕۆڵی یاسایی خۆی بگێڕێت و گوهدار زێباری لە 1ی مانگی دە بە غەرامەی پارە سزا بدرێت و ئازاد بکرێت".

XS
SM
MD
LG