Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ئاشتی جیهانی: ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر ئاشتی پێویستە


Indonesia Miss World
Indonesia Miss World

کردارەکان بۆ ئاشتی: خواستی ئێمە بۆ #ئامانجە جیهانییەکان، دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی ئاشتی جیهانییە.

ئەم دروشمە بانگەوازێکە بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی تا کلتورێکی ئاشتیانەی جیهانی دروست بکرێت.

هەموو ساڵێک لە 21ی مانگی 9 سەدان ڕێوڕەسمو چالاکی لە سەرانسەری جیهان بەبۆنەی ئەم ڕۆژەوە ئەنجام دەدرێت و تیایدا تیشک دەخرێتە سەر بیرۆکەی جیهانێکی بە ئاشتی لە ڕێگەی ڕەچاوکردنی 24 کاتژمێر لە دوورکەوتەوە لە توندوتیژی و ڕاگەیاندنی ئاگربەست.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت " کۆمەڵگەیەکی ئاشتیانە ئەوەیە کە ڕەوایی و یەکسانی بۆ هەموان تێدابێت. هەریەک لە ئێمە دەتوانین هاوکاربین بۆ ئەوەی بیکەین بە ڕاستی."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش لە نوسراوێکدا بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاشتیی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت " ئاشتی تەنها دیدێکی باڵا نییە بۆ مرۆڤایەتی.

ئاشتی بانگەوازێکە بۆ کردەوە.

لەم #ڕۆژی ئاشتییە، و هەموو ڕۆژێک، با بەڵێن بدەین پێکەوە کاربکەین بۆ بونیاتنان، بەرەوپێشبردن و بەردەوامیدان بە ئاشتی بۆ هەموان."

لە بەیاننامەکەیدا بەبۆنەی ئەمڕۆژەوە گۆتێرێش ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لە هەمووکات زیاتر ئاشتی پێویستە. شەڕ و ململانێ دەبێتە هۆی وێرانکاری، هەژاری و برسێتی و دەرکردنی دەیان ملیۆن کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان. کەشێکی ئاژاوەی بەرفراوان هەموو جێیەکی گرتووەتەوە. تەنانەت وڵاتانی ئارامیش نایەکسانی و دابەشکاری سیاسی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینن."

ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1981 بڕیاری ڕۆژی جیهانی ئاشتی پەسەند کرد کە لە لایەن بەریتانیا و کۆستاریکا پێشنیازکرابوو. ئەو ڕۆژەشی کە بۆی تەرخانکرا لە سەرەتا هاوکاتی یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە دەیکردە سێهەم سێشەممەی مانگی 9، بەڵام لە ساڵی 2001 ئەمە گۆڕاو ڕۆژێکی دیاریکراو، 21ی مانگی نۆ،ی بۆ تەرخان کرا.

XS
SM
MD
LG