Accessibility links

ئەندامێکی ڕێکخراوێکی CPT: پێش هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت تیمێکی دەزگایەکی ئاسایشی ناوچەیەکی تر گەیشتووەتە ئەو فڕۆکەخانەیە


ئەندامێکی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لە هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەتدا 6 ئەندامی هێزە ئاسایشییەکانی یەکێتی و سێ چەکداری هێزێکی تر بوونەتە قوربانی.

کامەران عوسمان ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای گوت " پێش بۆردومانەکە هەلیکۆمپتەرێک کە تیمێکی دەزگایەکی ئەمنی ناوچەیەکی تری تێدابووە، بۆ ڕاهێنان لە فڕۆکەخانەکە نیشتووەتەوە، بڕیار بووە پێکەوە ڕاهێنانی سەربازی ئەنجام بدەن."

کامەران عوسمان گوتیشی " پێش دەستپێکردنی مەشق و ڕاهێنان، درۆنی تورکیا فڕۆکەخانەکەی بۆردومان کردووە و لە ئەنجامدا شەش ئەندامی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و سێ ئەندامی تری دەزگایەکی دژە تیرۆری ناوچەیەکی تر گیانیان لەدەستداوە."

هەرچەندە کامەران عوسمان بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتڕاست نەکردەوە، بەڵام گومان دەکرێت ئەو هەلیکۆپتەرە سەر بە دژە تیرۆری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بێت.

سەرچاوەیەکی ئاسایشیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ژمارەی قوربانییەکان بەو شێوەیە نییە کە بڵاو کراوەتەوە بەڵکو درۆنەکە لە کاتێکدا بۆردومانی کردووە کە هێزەکانی کۆبونەتەوە."

هەمان سەرچاوە گوتیشی " ئامانجی ئەو دەوڵەتەی کە بۆردومانەکەی ئەنجامداوە نیگەرانییە لە هەماهەنگی نێوان دژە تیرۆری دوو هێزی کوردی کە هەردوولایان ئامانجیان شەڕی داعشە."

هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی نزیکەی کاتژمێر چواری ئێوارە کرا. ئەو فڕۆکەخانەیە تایبەتە بە فڕۆکەی کشتوکاڵی، بەڵام بەشێکی تریشی هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی مەشقی تێدا ئەنجام دەدەن، هێرشەکەش کراوەتە سەر ئەو بەشەی فڕۆکەخانەکە.

بە پێی زانیارییەکان هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیاوە ئەنجام دراوە هەرچەندە تورکیا پشتڕاستی نەکردووەتەوە.

پەیامنێرمان دڵشاد ئەنوەر هاوکار بووە لە دابین کردنی زانیارییەکان بۆ ئەم ڕاپۆرتە

XS
SM
MD
LG