Accessibility links

حکومەتی هەرێم دەیەوێت دوای خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە، جارێکی تر گفتووگۆ لەگەڵ عێراق بکاتەوە


کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان, پێنجشەممە 14ی نۆی2023
کۆبونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان, پێنجشەممە 14ی نۆی2023

حکومەتی هەرێم پلانی هەیە دوای خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییەی ڕۆژی یەکشەمە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر ناردنی بۆ هەرێم دەربڕی بۆ موچەی فەرمانبەران، جارێکی تر گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستپێبکاتەوە بۆ خەرجکردنی موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ.

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناردنی ئەو سێ گوژمە پارەیە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێم چارەسەری تەواوی کێشەکان ناکات، بەڵام دابەشکردنی موچە بەو پارەیە دەستپێدەکاتەوە، تا ئەو سێ موچەیە دابەش دەکرێت بەرەو کۆتایی ساڵی موازەنە دەڕۆین."

ئەو وتیشی،"خەرجکردنی ئەو سێ گوژمە پارە چارەسەری کێشەکان ئاسان دەکات، تا ئەو پارەیە بۆ موچە خەرج دەکرێت، گفتووگۆی تر لەگەڵ عێراق دەست پێدەکەینەوە."

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هێشتا موچەی مانگی 7 و 8 یان وەرنەگرتووەو مانگی نۆش بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەم پێیە سێ موچەیان دەکەوێتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ دابەشکردنی موچەی نزیکەی ملیۆنێک و 400 هەزار موچە خۆر، بەپێی پلانەکە ئەو 700 ملیار دینارەی لە بەغداوە ڕەوانە دەکرێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ موچەی پێ دابەش دەکرێت.

بەپێی وتەی خالد شوانی وەزیری دادی حکومەتی عێراق، حکومەتی عێراق ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ موچەی مانگەکانی 9 تا 11 دەنێرێت.

بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تا ئەو سێ گوژمە 700 ملیار دینارییە بۆ موچە دابەش دەکرێت، حکومەتی هەرێم ئامادەکاری دەکات بۆ ڕادەستکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە عێراق، لە پێناو خەرجکردنی بڕە پارەی تر بۆ موچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەران."

سەرچاوەکە، وتیشی،"حکومەت بەرچاوی ڕوونە تا کۆتایی ساڵ دەتوانێت 5 موچە دابەش بکات، هەوڵی دابینکردنی موچەی ئەو مانگەش دەدات کە دەمێنێتەوە."

دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیارێتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون. بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیری هەرێم تێک بدەن."

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکیشدا ڕایگەیاند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە بۆ ڕێککەوتنی دابینکردنی مووچە.

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی دروست نەبوو.

محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەم بڕە پارەی عێراق دەینێرێت یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدات بۆ دابەشکردنی موچەی سێ مانگ، بەڵام لە مانگی 10 ەوە دیسان گرفتی بێ پارەیی و دابەشنەکردنی موچە سەرهەڵدەداتەوە."

ڕۆژی پێنجەشەمەی ڕابردوو، وەفدی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوە.

وەفدی هەرێم داوای پێداچوونەوەی بە یاسای بودجەو خەرجکردنی 6 گوژمەی 800 ملیار دیناری بەقەرز بۆ موچەی فەرمانبەران لە عێراق کرد، بەڵام ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەمەدا، بڕیاریدا بە ناردنی 3 گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێم.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00

XS
SM
MD
LG