Accessibility links

شارەزایەکی فەڕەنسی: تورکیا و ئێران سەرقاڵن حوکمی کورد لەناوبەرن


گەلی کورد ئێستا لە کەرکوکەوە بۆ دێرەزور ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی خۆبەڕێوبەری و سەربەخۆیی بۆتەوە بەهۆی هەستانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارسی، ئەمە بەگوێرەی شارەزای فەرەنسی فابریس بڵانشێ.

بڵانشێ کە پرۆفیسۆرە لە زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسی و توێژەرەوەیە لە ئینستتوی واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داهاتووی کورد زۆر ڕەشبینانەیە چونکە ئەوەی من دەیبینم بریتییە لەوەی کە دووبارە گەڕانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و فارسی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد لەناودەبات چونکە ئەو دوو هێزە حکومەتی کوردییان ناوێت بەهۆی هەبوونی کورد لە ئێران و تورکیا و نایانەوێت حوکمی کورد لە سوریا و عێراق هیوا بدات بە هاوڵاتییە کوردەکانیان."

بڵانشێ پێیوایە ئەوەی دەستی ئێران و تورکیای واڵاتر کردووە بریتییە لە لاوازبوونی هەژموونی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە و دەڵیت، "ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینن بریتییە لەوەی ڕۆژئاوا لاوازە. پێموانییە ئەمریکا بیەوێت وەبەرهێنان لە سوریا و عێراق بکاتەوە. بۆچوونی من ئەوەیە کە بۆ ئەمریکا ئەم بابەتە بەرامبەر میحوەری ئێران لەدەستچووە. بەداخەوە کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا ئیتر سوودی نەماوە و ڕۆژئاوا نایەوێت جارێکی تر پشتگیری بکات، هەر بۆیە دەبینیت تورکیا و ئێران ئەم لاوازییە بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد."​

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بۆتەوە.

حزبەکانی کوردستانی ئێران لە ژێر پاڵەپەستۆیەکی نێودەوڵەتیدان بۆ چەکدانان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی وەکو موسڵ، لە تورکیاش چاوەڕوان دەکرێت پارتی هەدەپە دابخرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش حکومەت چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی بەهۆی ئەوەی لە مانگی سێ وە هەناردەی نەوتەکەی لە لایەن تورکیا وەستێندراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14/9/2023) شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدای کرد کە پێکهاتبوون لە سەرۆک وەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری دارایی، گوتەبێژی حکومەت و چەندین بەرپرسی تر.

ئەگەر ژمارەی ئەو سەرکردە باڵایانەی هەرێم کە ئەمڕۆ چونە بەغدا نیشانە نەبێت بۆ خراپی ئەو دۆخەی کە حکومەتی هەرێم پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەوا ڕەنگە بابەتێکی سایتی ئەل مۆنیتەر باشتر پەردە لەسەر دیوی شاراوەی بارودۆخەکە هەڵبداتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی ئەل مۆنیتەر کە ڕۆژێ سێشەممە بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە کراوە کە گوایە مەسرور بارزانی نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە و داوای هاوکاری بە پەلەی کردووە و وتویەتی "یگەرانییەکی گەورەم هەیە کە ئەم هەڵمەتە بێئەمەکەی لە دژی ئێمە هەیە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی ئەو مۆدێلەی عێراقی فیدراڵ کە لە ساڵی 2003دا ئەمریکا سپۆنسەری کرد و لەو کاتەوە پشتیوانی دەکات."

هەرچەندە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم ناردنی نامەیەکی وەهای ڕەتکردۆتەوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام ئاماژەیان بە جدییەتی کێشەکان کردووە و حکومەتی عێراقیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە پێشێلی دەستور دەکات و دەڵێن "نییەتێک هەیە" بۆ لەناوبردنی قەوارەی حکومەتی هەرێم.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق حسابی پارێزگایەکیش بۆ هەرێمی کوردستان ناکات."

لە کاتیکدا چارەنووسی کێشەی ئابووری هەرێم نادیارە، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش چارەنووسی کورد نادیارە بە تایبەت بەهۆی توندوتیژییەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کەرکوک کە گیانلەدەستدانی چوار خۆپیشاندەری کوردیان لێکەوتەوە.

هەر زوو دوای ڕووداوەکان، سەرۆکی تورکیا و وەزیری دەرەوە ئەو بانگەشەیەی وڵاتەکەیان دووپاتکردەوە کە "کەرکوک شارێکی تورکمانییە."

هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی کەرکوک، لە دێرەزووریش شەڕوپێکدادان لە نیوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و خێلە عەرەبییەکان بۆ ڕۆژی شەشەم بەردەوامبوو کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە شەرکەڕانی خێڵەکانی ناوچەکە و هەسەدە، ئەمە جگە لەوەی کە تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر باکوری تەل تەمر.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکی دەنگی ئەمەریکا سەرەتای ئەم مانگە ڕایگەیاند کە هەسەدە لەوە دڵنیایە کە ئالۆزیەکانی دێرەزۆر خۆڕسک نین بەڵکو لایەنی تر لەپشتی ڕووداوەکەن.

ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، "ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکە ڕوودەدەن گرێدراو نین بە هەسەدە و خەڵکی ناوچەکە. بە تەواوی لەو چوارچێوەیە چووەتە دەرەوە. ئەوانەی شەڕدەکەن گروپی گرێدراون بە ئێران و ڕژێمی سوریا..بەناوی هێزی خێڵەکان شەڕی هەسەدە دەکان. بارودۆخێکی زۆر ترسناکە."

بە بڕوای پرۆفیسۆر فابریس بڵانشێ، ڕووداوەکانی دێرەزور و کەرکوک لە یەک کاتدا بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو دەکرێت خوێندنەوەیەکی هاوبەشیان بۆ بکرێت بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەردوو ناوچەکە دەوڵەمەندن بە نەوت.

فابریش بڵانشێ ڕایگەیاند، "هەردوو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی کار بۆ ناسەقامگیرکردنی هەرێمە کوردییەکان لە سوریا و عێراق دەکەن بە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆری وەکو گەمارۆی ئابووری، گرتنەوەی ئاو، بۆردومانی بەردەوام، پشتیوانی لە گروپە یاخیبووەکان، و هەڕەشەی هێرشی بەردەوام. ئەم تاکتیکانە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کەشێکی ناسەقامگیر دروستبکەن کە کوشندەیە بۆ بارودۆخی ئابووری. ئامانج لێی دوورخستنەوەی هێزە چالاکەکانی هاوپەیمانانە، تا لەم ڕێگەیەوە دووبەرەکی سیاسی و هاندانی ڕاپەڕین بەڕێوە ببەن و دواتر بە ئاسانی گورزی یەکلاکەرەوە لەدژیان بوەشێنن."

ئەم شارەزا فەڕەنسییە تاکە کەس نییە کە ڕووداوەکان بەم شێوەیە ببینێت. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی هەرێمیش هەمان هۆشیارییان داوە.

دوێنێ چوارشەممە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا هۆشداریی دا لەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان "هاتۆتە بەردەم مەترسی هەڵوەشان و نەمانی هاووڵاتیەکانی، وە دەبینەوە بە هاووڵاتی پلە دوو و پەراوێزخراو، وە دەمانباتەوە ناو کەمپەکان، دەمانکەنەوە بە کارەکتەری نا کاری."

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت جەنگێکی نێودەوڵەتی و ناوچەییە کورد دەبێت بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی ببێتەوە.

ئەو ڕەخنەی لە "پەرتەوازەیی" هێزە کوردیەکان گرت لەم کاتەدا و وتی، "لە سەد ساڵی ڕابردوودا کورد هۆکاری سەرەکی لە دەستدانی ئەو هەل و دەرفەتانە بووە کە دە بوو خۆی تێدا ببینێتەوە... دەبێت کورد پەند لە سەدەی ڕابردوو وەربگرێت، کە توشی زەرەری گەورەبوو لە نێوان ڕۆم و عەجەم و عوسمانی و سەفەوی."

پرۆفیسۆر فابریس بڵانشێ بە هەمان شێوە ڕەخنەی لە پەیوەندی ناوخۆییەکانی کورد گرت و یەکگرتوویی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان.

فابریس بڵانشێ وتی، "لە سوریا، دایەلۆگی هێزە کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ئێستا بووەتە نوکتە. لە هەرێمی کوردستانیش، هیزەکان پەرتەوازەن و نەوەی نوێ بیروهۆشیان چووەتە سەر مۆبایل و سەیارە و خەریکە هەستی شوڕشگێڕی باپیرانیان بیردەچێتەوە کە پێویستە هەبێت بۆ مانەوە لە ژینگەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست."

XS
SM
MD
LG