Accessibility links

دووان لەو سێ کەسەی دەنگیان دژ بە "پرۆژە یاسای مەهسا" لە کۆنگرێس دا، ژن بوون


ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا " پرۆژە یاسای مەهسا"ی بە 410 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 3 دەنگی نەخێر پەسەند کرد. ئەم یاسایە حکومەت پابەند دەکات بە سزادانی بەرپرسانی ئێران لەوانە عەلی خامنەیی بە تاوانی "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران" و "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".

سێ ئەندامی کۆنگرێس دوو ژنی دیموکرات و یەک پیاوی کۆماری دەنگیان دژ بە بەرنوسەکە دا.

یەکێک لەوانەی دەنگی دژ بەو پرۆژە یاسایە دا ئیلهان عومەر ئەندامی دیموکراتی کۆنگرێس- نوێنەری میناسۆتا بوو.

خانم عومەر، یەکێکە لە سێ ئەندامە موسوڵمانەکەی کۆنگرێس و لە ساڵی 2019 وە وەک یەکێک لە نوێنەرەکانی ویلایەتی میناسۆتا هەڵبژێردرا. ئەو بە ڕەچەڵەک خەڵکی سۆماڵە و لە ساڵی 1995 لەگەڵ خێزانەکەیدا هاتووەتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

دوو ئەندامەکەی تری کە دەنگی نەخێریان دژ بەو پرۆژە یاسایە دا تامس ماسی کۆماری- نوێنەری کەنتاکی و کۆری بوش- دیموکرات نوێنەری مزوری بوون.

بۆ ئەوەی ئەم بەرنوسە ببێتە یاسا، پێویستە ئەم بەرنوسە لەلایەن ئەنجومەنی سینات پەسەند بکرێت و دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن واژۆ بکرێت.

دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆک بایدن، پێویستە لە ماوەی 90 ڕۆژدا وەڵامی کۆنگرێسی ئەمەریکا بداتەوە و هەموو ساڵێکیش هۆکاری درێژکردنەوە یان نوێنەکردنەوەی ئەو سزایانە بۆ نوێنەرانی کۆنگرێس ڕوون بکاتەوە.

جیم بانکز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە کۆتایی مانگی یەکی 2023 بەرنوسی یاسی "مەهسا"ی پێشنیار کرد بۆ سزادانی عەلی خامنەئی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و کەسایەتی و دامودەزگاکانی نزیک لەوان بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردن لە سەرکوتکردنەکان.

XS
SM
MD
LG