Accessibility links

کۆشکی سپی لەسەر پرسی "نامەکەی مەسرور بارزانی" وەڵامی دەنگی ئەمەریکا دەداتەوە


پاش ئەوەی ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتەر لە بابەتێکدا بڵاوی کردەوە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەنامەیەکدا داوای لە سەرۆک بایدن کردووە دەستوەردان بکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا داوای زانیاری زیاتری لە کۆشکی سپی کرد.

لە وەڵامی داواکەدا کۆشکی نە نکۆڵی لێکرد و نە پشتڕاستیشی کردەوە و دەڵێت "ئێمە هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکارییەکانی پەیوەندییە دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادەین."

ئەلمۆنیتەر لە بابەتەکەیدا دەڵێت بارزانی لە نامەکەی 3ی مانگی نۆدا نوسیویەتی " ئێستا لە قۆناغێکی گرنگی دیکەی مێژووماندا بۆت دەنوسم، قۆناغێک کە ترسم هەیە بەزەحمەت بتوانین بەسەریدا زاڵبین... لە ڕووی ئابوری و لە ڕووی سیاسییەوە خوێنمان لێدەچۆڕێت. بۆ یەکەمجار لە ماوەی سەرۆکوەزیرانیمدا، نیگەرانییەکی گەورەم هەیە کە ئەم هەڵمەتە بێئەمەکەی دژی ئێمە ڕەنگە ببێتە هۆی داڕمانی .... ئەو مۆدێلەی عێراقی فیدڕاڵ کە بە سپۆنسەری ئەمەریکا لە ساڵی 2003دا دامەزرا و لەو کاتەوە پشتیوانی دەکات."

ئەلمۆنیتەردەشڵێت گوایە بارزانی بۆ بایدنی نوسیوە لەو بڕوایەدایە بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری بەسەر عێراقدا هەبێت.

دلۆڤان بەرواری، بەڕێوەبەرى پەیوەندییە گشتیەکان و کاروبارى ئەکادیمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " نووسینگەکەمان لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئاگاداری ئەو بابەتە بوو کە باسی لێوە دەکرێت. بۆیە زانیاری تەواومان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەین."

پاش ڕاپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەر لە 12 ی مانگی 9 کە لەلایەن ڕۆژنامەوان عەمبەرین زەمانەوە نوسراوە، ئاسۆ حاجی ، یاریدەدەری سەرۆکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری بابەتەکەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت دوورە لە ڕاستییەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە کە دیارترینیان بریتییە لە قەیرانی ئابووری بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لەلایەن تورکیاوە و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن عێراقەوە.

XS
SM
MD
LG