Accessibility links

لە عێراق 18 پۆلیس سزای زیندانی دەدرێن بەهۆی ڕێگری نەکردنیان لە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا


دادگایەکی عێراق سزای زیندانیکردنی بۆ 18 ئەفسەری پۆلیس دەرکرد، دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا لە کاتی ناڕەزاییەکان لە دژی سووتانی قورئان لە ستۆکهۆڵم ڕێگرییان لە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا نەکرد.

بەگوێرەی کۆپییەکی ئەو سزایەی کە دەستی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کەوتووە و لەلایەن دوو بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆوە پشتڕاستکراوەتەوە، دادگای بەغدا ڕۆژی سێشەممە سزاکانی لە 18 مانگەوە بۆ سێ ساڵ بۆ ئەو پۆلیسانە دەرکرد.

لە بەڵگەنامەکدا هاتووە ئەو ئەفسەرانە بەهۆی ئەوەی" کە خۆیان بە دوورگرتووە لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی سوید و هەوڵی وەستاندنی ئەو کەسانەیان نەداوە کە هێرشیان کردووەتە سەر باڵیۆزخانەی سوید و ئاگریان تێبەرداوە" سزا دراون.

لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەتوانرێت تانە لە بڕیارەکان و سزاکان بدرێت.

سەرچاوەیەکی حکومی سزای زیندانیکردنەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکه نیشانی دەدات که حکومەتی عێراق پابەنده به لێپرسینەوه له خەڵک له بەرامبەر توندوتیژییەکان.

سەدان خۆپیشاندەر لە مانگی حەوتی ئەمساڵدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر سووتاندنی قورئان لە ستۆکهۆڵم، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و ئاگریان لە باڵیۆزخانەکە بەردا.

ئەم ڕووداوانەش دوای ئەوە سەریانهەڵدا کە خۆپیشاندەران لە سوید کە یەکێکیان کۆچبەرێکی عێراقی بوو لە دەرەوەی مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم قورئانیان سووتاند، لە کاتێکدا داوای مۆڵەتی سوتاندنی قورئانیان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی عێراق کردبوو و مۆڵەتیان لە پۆلیسی سوید وەرگرتبوو.

ڕووداوەکە توڕەیی موسڵمانانی لە سەرانسەری جیهان بە دوای خۆیدا هێنا و بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی چەند هەفتەیەک لە عێراق و ناکۆکیی دیپلۆماسی نێوان بەغدا و ستۆکهۆڵم لێکەوتەوە، کە وەهای کرد باڵیۆزی سوید لە بەغدا دەربکات و نوێنەرەکەی لە ستۆکهۆڵم بانگهێشت بکاتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG