Accessibility links

بۆ ماوەی دوو ڕۆژی لەسەر یەک باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستاندا کۆدەبێتەوە


ئالینا ل. ڕۆمانۆڤسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە ڕۆژی دووشەممە و ئەمڕۆ سێشەممە لە هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا چەندین کۆبونەوەی ئەنجام داوە و تاوتوێی چەندین پرسی گرنگی کردووە لە ناویاندا پرسی کەرکوکیش.

لە دواین تویتیدا ئەمڕۆ سێشەممە خاتون ڕۆمانۆڤسکی دەڵێت " لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی باسمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چاکسازییە ئابوورییە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم و پلانەکانی داهاتوو کرد. هەروەها پابەندبوونی پتەوی ئەمەریکامان بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی حکومەتی فیدراڵیدا بە وردی ڕاگەیاند."

پێشتریش ڕۆژی دووشەممە بە جیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی کۆبووەوە.

لە تویتێکدا سەبارەت بە کۆبونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەڵێت " سوپاسیم کرد بۆ پشتگیری بەردەوامی لە پلاندانان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە مانگی دوودا. ئێمە گفتوگۆیەکی بەبەرهەممان کرد لەسە هەموو پرسەکان و چاومان لەوەیە چۆن ئەمەریکا و عێراق بتوانن هاوبەشبن بۆ پشتگیریکردن لە گەشەی ئابووری و هەمەچەشنکردنی دوور لە کەرتەکانی نەوت و گاز."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبونەوەکەوە دەڵێت" له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌تايبه‌تى پرسى ‏بودجه‌ و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و دۆخى عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.‏

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌رانه‌ له‌نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى ‏عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، به‌ شێوه‌يه‌ك مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌مووان ‏ده‌سته‌به‌ر بكات و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسيى وڵات بپارێزێت.‏"

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە ڕۆڵی " حکومەتی هەێمی کوردستان لە هاوکاریکردن لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە" کردووە.

دەڵێت " هەمیشە دڵخۆشم بە دیداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بیروڕامان لەبارەی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوکاریکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پاڵپشتیکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد. هاوکات لەسەر گرنگی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسەکانی بودجە هاوڕا بووین."

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کۆبونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا دەڵێت " تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان ، تاوتوێکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە یاسای بودجەی فیدراڵدا . سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە بەداخەوە لایەن هەیە دەیانەوێ بە شێوەیەکی ناڕەوا و لە دەرەوەی یاسای بودجە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن ، لەکاتێکدا شاندی دانوستانکاری هەرێم داتا و زانیاری ورد و پشبەست بە بەڵگە یاسایی و دەستوورییەکانیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە. بۆیە پێویستە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق ، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت و مافەکانیان پێشێل نەکرێت."

هەروهابەیاننامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک. لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی ئاساییکردنەو گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی دۆخی کەرکووک کرا."

بێجگە لە کاربەدەستانی هەرێم باڵێۆزی ئەمەریکا لە بەغدا ئالینا ڕۆمانۆڤسکی ئەمڕۆ سێشەممە چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانێش کەوت و باسیان لە "گرنگی یەکڕیزی کورد" کردووە.

لە تویتەکەیدا دەڵێت " باسمان لە ڕێگاکانی ئەمەریکا کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆی بەرهەمدار لە نێوان هەولێر و بەغدا دراون، هەروەها گرنگی یەکڕیزی کورد بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان و پاڵپشتی لە سەقامگیری ناوچەکە."

XS
SM
MD
LG