Accessibility links

ئەردۆغان: لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان لەسەر هەڵبژاردنەکانی قەرەباغ دەدوێم


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان وتووێژ دەکات، لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجانی هاوپەیمانی ئانکەرە پەرەی سەندووە.

تورکیا پێشتر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی لە هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغی جێی ناکۆکی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان شەرمەزار کرد.

هەرێمی ناگۆرنۆ-قەرەباغ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەکو بەشێک لە ئازەربایجان ناسێندراوە، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانەکانی ئەرمەنین. لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکاندا لە جەنگێکدا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئازەربایجاندا دەرچوو. لە ساڵی 2020 دا شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان لەسەر هەرێمەکە ڕوویدا و دواتر ڕووسیا نێوەندگری کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

یاسادانەرانی پەرلەمانی ناگۆرنۆ-قەرەباغ بە دەنگی 22 بەرامبەر بە یەک، سامڤێل شەهرامانیان، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشیان لەو حکومەتە جوداخوازە، هەڵبژارد.

تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە "دان بەم هەڵبژاردنە ناشەرعیەدا نانێت کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئازەربایجان."

ئەردۆغان لە دوای وتاری کۆتاییهاتن بە لوتکەی گروپی 20 لە نیودهلی قسەی کرد و گوتی " ڕەنگە سبەینێ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم هەبێت، لەگەڵ بەڕێز پاشینیان. ئەوەی لە قەرەباغ کراوە گونجاو نییە. ناتوانین ئەمە قبوڵ بکەین".

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمەنستان و ئازەربایجان یەکتریان تۆمەبارکردووە بە هێرشی بەزاندنی سنوور و ئەرمەنستان هۆشداری داوە لە مەترسیی ڕوودانی ململانێیەکی نوێ و ڕایگەیاندووە، ئازەربایجان لە سنوورە هاوبەشەکانی وڵاتان و لە نزیک ناگۆرنۆ-قەرەباغ هێزەکانی کۆدەکاتەوە.

ئەو ناوچەیەی ئازەربایجان کە دانیشتووانەکەی ئەمەنن لە ناوەندی دوو شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێی قەفقازدا بوو.

شەش هەفتەی شەڕکردن لە پاییزی 2020 بە ئاگربەستێک بە نێوەندگیری ڕووسیا کۆتایی هات کە ئەرمەنستان دەستبەرداری بەشێک لەو خاکە بوو کە بۆ دەیان ساڵ کۆنترۆڵی کردبوو.

جارێکی دیکە ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکان بەرز بووەوە، یەریڤان باکۆی تۆمەتبار کردووە بە دروستکردنی قەیرانێکی مرۆیی بە ڕێگریکردن لە هاتوچۆ لە ڕێگەی ڕێڕەوی لاچینەوە کە تاکە ڕێگایە ئەرمەنستان بە قەرەباغەوە دەبەستێتەوە.

هەردوولا سەرەڕای هەوڵی نێوەندگیری لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا، ئەمەریکا و ڕووسیا، نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی بەردەوام.

هەفتەی داهاتوو ئەرمەنستان مەشقێکی سەربازی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکادا دەکات، ئەمەش دوایین نیشانەی دوورکەوتنەوەیەتی لە هاوپەیمانی نەریتی ڕووسیا.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG