Accessibility links

تۆمەتبارێک بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران کە توانیبووی لە زیندان هەڵبێت، لەلایەن پۆلیسی لەندەنەوە دەستگیر دەکرێتەوە


پۆلیسی بەریتانیا ڕۆژی شەممە، 9ی مانگی نۆ ڕایگەیاند کە دانیال عابید خەلیفە، ئەو تۆمەتبارەی لە زیندانێکی لەندەن هەڵاتبوو، دەستگیرکردووە.

دانیال عابد خەلیفە، سەربازێکی پێشووی سوپای بەریتانیایە و تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و سێ ڕۆژ پێش ئێستا توانیبووی لە زیندان هەڵبێت و ئێستا پۆلیسی ئەو وڵاتە دەڵێت دەستبەسەر کراوە.

پۆلیسی بەریتانیا پێشنیاری پاداشتی تا 20 هەزار پاوەندی بۆ هەر کەسێک کردبوو کە زانیاری بدات بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە.

ڕیشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆی بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە دەربڕیوە و گوتی "پۆلیس بە درێژایی کاتژمێر کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی خەلیفە. ئێستا چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن لە زیندان هەڵهاتووە."

ئەو تۆمەتبارە تەمەن 21 ساڵە سێ ڕۆژ لەمەوبەر، ڕۆژی چوارشەممە، 6ی مانگی نۆ لەکاتی کارکردنی لە چێشتخانەی زینداندا، توانیبووی خۆی لە بنی بارهەڵگرێکی خۆراکدا بشارێتەوە و هەڵبێت.

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرجەم بەندەر و فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا بازگە دامەزرابوون بۆ پشکنین و دۆزینەوەی ئەو تۆمەتبارە و هەروەها پۆلیس هۆشداری دابووە خەڵک بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای لەندەن کە وریا بن و لە خەلیفە لەکاتێکدا پێناچێت مەترسی لەسەر خەڵک دروست بکات، بەڵام نزیک نەبنەوە.

دانیال عابد خەلیفە سەربازی پێشووی بەریتانیایە و لە مانگی پێنجدا لە سوپای ئەو وڵاتە دەرکراوە و لە زیندانێکی لەندەن بووە و چاوەڕێی دادگاییکردنەکەی بووە بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک تیرۆر و دانانی بۆمبی ساختە لە بنکەکانی سوپای وڵاتەکەی.

هەروەها دانیال عابید خەلیفە تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی زانیاری هەستیاری کارمەندانی سەربازەکان لە داتابەیسی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا و بە سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG