Accessibility links

دایک و باوکی ژینا لە پەیامێکی هاوبەشدا ڕایدەگەیەنن کە ڕێوڕەسمی ساڵیادی کچەکەیان بەڕێوەدەبەن


موژگان ئێفتەخاری و ئەمجەد ئەمینی دایک و باوکی ژینا ئەمینی بە بڵاوکردنەوەی دەقێک ڕایانگەیاند کە "ڕێوڕەسمێکی نەریتی و ئایینی بۆ ساڵیادی ژینا" لە سەر گۆڕەکەی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز بەڕێوە دەبەن.

دایک و باوکی ژینا لە دەقی پەیامە هاوبەشەکەیاندا کە ئێواری ڕۆژی هەینی، 8ی مانگی نۆ بڵاویان کردەوە، ڕوو لە هەموو خەڵکی ئێران دەڵێن "ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەر بنەماڵەیەکی جەرگ سووتای دیکە لە ساڵیادی شەهیدبوونی کچە خۆشەویستەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، سەردانی گۆڕی ئەو ئازیزەمان دەکەین و ڕێوڕەسمی نەریتی و ئایینی ساڵیادەکەی بەڕێوەدەبەین."

ئەوان لە نووسینەکەیاندا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە "وێڕای ڕێزگرتن لە هاوسۆزی و نیگەرانییە بەنرخەکانی هاووڵاتیانی ئازیز، داوا دەکەین هەموو لایەک خۆیان لە هەر جۆرە کارێکی توندوتیژی بەدوور بگرن."

دایک و باوکی ژینا لە کۆتایی پەیامە هاوبەشەکەیاندا هەروەها جەختیان لەوە کردوەتەوە کە "جگە لەم دەق و نووسینە هیچ دەق و نووسینێکی دیکە بڵاو ناکەینەوە".

پێشتر ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ئەنجامدانی مەراسیمی ساڵڕۆژی بۆ کچەکەی ڕاگەیاندبوو.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، ئەمجەد ئەمینی جەختی لەوە کردبووە "بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی ژینا (مێهسا)ی شەهید و بێتاوان و بۆ دڵنەوایی خێزانەکەی و خزم و کەسوکارەکەی و هەموو خۆشەویستەکانی، بڕیارمانداوە ئەمساڵ ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژەکەی ئەنجام بدەین. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ناتوانین بە فەرمی خەڵک بانگهێشتی ڕێوڕەسمە بکەین یان بە خەڵک بڵێین بەشداری مەراسیمەکە مەکەن."

خولی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان کە لە کۆتاییەکانی مانگی هەشتی ساڵی 2022 دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەستیان پێکرد، یەکێک لە گەورەترین و جیددیترین خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بووە لە ماوەی 44 ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پێشکەش کراون، هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا، نزیکەی 600 کەسیان کوشتووە کە ژن و منداڵیان تێدابووە و چەند هەزار کەسیشیان بریندار کردووە و زیاتر لە 20 هەزار هاووڵاتیشیان دەستبەسەر کردووە.

لە بەرامبەر ئەو سەرکوتکردندا، حکومەتەکانی ڕۆژئاوا چەندین سزایان بەسەر دامودەزگاکان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە. هەروەها ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لە میانەی ناڕەزایەتیەکاندا "کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان"ی پێکهێنا بۆ ئەوەی چاو لە ڕەهەندەکانی "پێشێلکاری بەرفراوانی مافی مرۆڤ" لە ئێراندا بکەن و ئەنجامەکانی خۆیان بخەنە بەردەم ئەو ئەنجومەنە.

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێران شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی مەدەنی و ئەندامانی بنەماڵەی قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردووە و تاکو ئێستا چەندین کەس دەستبەسەرکراون.

XS
SM
MD
LG