Accessibility links

لە کەرکوک دەنگۆی خۆپیشاندانی نوێی کورد هەیە و هێزێکی زۆری عێراق بڵاوەی پێکراوە  


بارودۆخی ناو کەرکوک تا ئێستا ناجێگیرە و ئەمڕۆ لەگەڵ دەنگۆی سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی کورد، هێزێکی زۆری عێراقی بە ناو شاری کەرکوک و بە تایبەت ناوچە کوردییەکاندا بڵاوەیان پێکرا.

تا ئیستا یەکلایی نەبۆتەوە کە داواکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانەکان خۆڕسکن یاخود لایەنێکی سیاسی لە پشتە. یەکێتی پارتی بە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیە تۆمەتبار دەکات و پارتیش ڕەتیدەکاتەوە.

حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێزە عێراقییەکان بۆیە بە ناو شاری کەرکوکدا بڵاو بوونەتەوە، چونکە پارتی دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی لای گەڕەکی ئیمام قاسم بڵاوکردووەتەوە. هێزە عێراقییەکان بڕیاریان پێیە ڕێگری لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەک بکەن."

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بەشێک لە کوردەکانی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامداو گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو. لە ئەنجامدا 4 خۆپیشاندەر کوژران و 15 ی تریش برینداربوون. لەوکاتەوە تا ئێستا گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک بە هێزی عێراقی تەنراون.

مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک، ڕەتی دەکاتەوە پارتی لە پشت ئەو هەوڵانە بێت و هەوڵەکان بۆ گردبوونەوە "لە ئێستادا" بە ئاژاوە وەسفدەکات.

مەسعود مەلا پەروێز بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "خۆپیشاندانەکەی شەممەی ڕابردووی گەڕەکی ڕەحیماوا خۆڕسکبوو، ئەنجامەکەی پێکا. ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانی پچڕ پچڕ نین و بۆ کەرکوک خراپە. هێز بڵاو دەکرێتەوە و سوکایەتی بەکورد دەکرێت. هەرکەس لە ئێستادا خۆپیشاندان بکات بۆ نانەوەی ئاژاوە دەیکات."

ناڕەزایەتی کوردەکانی کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک-هەولێر لە ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردوو سەریهەڵداوە و تا ئێستا دانەمرکاوەتەوە.

حەشدی شەعبی و وەسفی عاسی سەرۆکی عەشیرەتی عوبێد و پەرلەمانتاری عێراق بە داخستنی ڕێگەکە و هەڵگیرسێنەری کێشەکانی کەرکوک تۆمەتبار دەکرێن.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی کەرکوک ئەنجومەنێکی عەشایەری چالاک کردووەتەوە. ئەنجومەنەکە لە 4 کورد، 4 عەرەب و 2 تورکمان پێکهاتوون.

عوسمان ئاغای زەنگەنە، ئەندامی ئەنجومەنی کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”خەڵکانی عەرەب هاتوون لەگەڕەکی کوردی ڕیگەی هاتووچۆیان داخستووە. ئەو ڕێگەیە موڵکی کەس نییە و ڕێگەی هاتووچۆی خەڵکە. کەس بۆی نییە دایبخات و جارێکی تر قەبوڵی ناکەین."

ئەو وتیشی،”داخستنی ئەو ڕیگایە هۆکاری توڕەبوونی خەڵکی کورد و دروستبوونی ئاڵۆزییەکان بوو."

XS
SM
MD
LG