Accessibility links

هەسەدە: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆتایی پێهات


Syria Eastern Front
Syria Eastern Front

دوای چەندین ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ چەکدارەکانی هۆزە عەرەبییەکاندا لە دێرەزووری سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، ڕۆژی چوارشەممە "کۆتایی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان"یان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند.

ئەو توندوتیژییانە بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس.

توندوتیژییەکان لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی کورد، ئەحمەد ئەلخەبیل سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزووریان لە 27ی مانگی هەشتدا دەستبەسەرکرد.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕاگەیاند " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە شاری زیبان کۆتاییان هاتووە."

هەسەدە لە بەیاننامەیەکیشدا ڕایگەیاندووە کە "شارۆچکەکە بە تەواوی لە چەکدارەکان پاککراوەتەوە".

پارێزگای دێرەزوور کە زۆرینەی عەرەبە و ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سروشتییەکان و هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، بە ڕووباری فورات بووەتە دووبەشەوە و دەیان پێکهاتەی خێڵەکی ناوخۆیی تێدایە، کە بەشێک لە چەکدارەکانیان لە شەڕی دژ بە داعشدا چوونە نێو هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە.

کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی فورات و هێزەکانی حکومەتی سوریا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و بەکرێگیراوەکانی لە ڕۆژئاوادا دابەشبووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تێکهەڵچوونەکان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی پارێزگای دێرەزووری هەژاندبوو و 90 کەس لە ئەنجامدا کوژراون کە زۆربەیان شەڕڤان بوون بەڵام 9 هاووڵاتی مەدەنیشی تێدابووە.

ڕوانگەکە دەشڵێت ئەو توندوتیژییانە بووە هۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتی ڕووبەڕووی دڵسۆزانی ئەلخەبیل کردووە کە بە ئەبو خەولا ناسراوە.

بەڵام دەشڵێت هۆزەکان لە پشتیوانیکردنی لایەنەکاندا دابەش بوون.

بەشێک لەو چەکدارانەی هۆزە عەرەبەکان بەشداریان لە هەڵمەتەکەی دژی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی کرد کە کۆتایی بە خەلافەتی داعش لە سوریا هێنا.

لە باکوری سوریا ڕۆژی دووشەممە، چەکدارانی سەر بە تورکیا کە دەیانگوت لە عەشیرەتە عەرەبییەکانن، هێرشیان کردە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بۆ پشتیوانی لە چەکدارەکان لە دێرەزوور.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، هەرچەشنە ناکۆکییەک لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاندووە، پێکدادانەکان زیاتر "توخمەکانی ڕژێم و هەندێک سوودمەند"ی خەبیلیان تێدابووە، کە بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و خراپ بەڕێوەبردن و پەیوەندیکردن لەگەڵ دیمەشق تۆمەتباریان دەکەن.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سوریا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کاربەدەستانی ئەمەریکا لەگەڵ هێزەکان بە ڕابەرایەتی کورد و سەرۆک خێڵەکان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی پێویستی توندوتیژییەکان چەند ڕۆژێک پاش توندوتیژی کوشندە لە ناوچەکەدا.

باڵێۆزخانەی ئەمەریکا کە بنکەی لە دەرەوەی سوریایە ڕایگەیاند ئیتن گۆڵدریچ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک و ژەنەڕاڵ جۆڵ ڤاوێڵ، فەرماندەی هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی کورد و سەرکردەکانی هۆزەکان لە دێرەزوور کۆبونەوە.

دەسەڵاتدارانی کورد لە ڕێگەی ئەنجوومەنە مەدەنی و سەربازییە ناوخۆییەکانەوە ناوچەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنترۆڵ دەکەن لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ناڕازیبوونی عەرەبەکان.

شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011 بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکان لەلایەن حکومەتەوە سەریهەڵدا. بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس کوژراون و ملیۆنان کەسیش ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG