Accessibility links

پۆلیسی سوید ژمارەیەک کەس دەستگیردەکات لە کاتێکدا سوتاندنی قورئان توندوتیژی لێدەکەوێتەوە


پۆلیسی سوید ڕایگەیاند، 12 کەسی دەستگیرکردووە کە 2 کەس لەوانە بە بەڵگەوە گیراون، پاش دروستبوونی ئاژاوە و توندوتیژی لە خۆپیشاندانێکی ڕۆژی یەکشەممە کە قورئانی تێدا سووتێندرا.

ناڕەزایەتییەکە لەلایەن سەلوان مۆمیکا پەنابەرێکی عێراقییەوە ڕێکخرابوو، کە لە ناڕەزایەتییەکانیدا سوکایەتی بە قورئانی پیرۆز دەکرێت و ئەمەش کاردانەوەی لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لێکەوتووەتەوە.

ناڕەزایەتییەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە گۆڕەپانێکی شاری مالمۆ لە باشووری وڵاتەکە بەڕێوەچوو کە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی کۆچبەری تێدایە و بەپێی پەخشی گشتی SVT نزیکەی 200 کەس لەوێ ئامادە بوون بۆ بینینی.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هەندێک لەوانەی لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکەیان دەڕوانی ناڕەحەتییان نیشانداوە، دوای ئەوەی ڕێکخەرەکە پەڕەکانی سوتاندووە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " لەوکاتەدا بارگرژی دروستبوو" ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاژاوەیەکی توندوتیژ" لە کاتژمێر 1:45ی پاشنیوەڕۆ ڕوویداوە.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دوای ڕۆشتنی ڕێکخەرەکە ڕووداوەکە کۆتایی پێهاتبوو بەڵام کۆمەڵێک کەس لە شوێنی ڕووداوەکە ماونەتەوە.

نزیکەی 10 کەس بە تۆمەتی تێکدانی فەرمانی گشتی دەستبەسەرکران و دوو کەسی دیکەش دەستگیرکران، کە گومانبارن بە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی.

میدیا ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە کە هەندێک لە بینەران بەردیان گرتووەتە مۆمیکا و لە گرتە ڤیدیۆییەکانی شوێنی ڕووداوەکەدا دەرکەوتووە هەندێکیان هەوڵی شکاندنی بەربەدستەکانیان داوە پێش ئەوەی لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێبکرێت.

لە گرتەیەکی دیکەدا وا دەردەکەوێت پیاوێک کە هەوڵی وەستاندنی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بدات کە مۆمیکای لە شوێنەکەوە گواستەوە.

مۆمیکا لە ڕێگەی زنجیرەیەک خۆپیشاندانەوە بووەتە هۆی توڕەییەکی زۆر دژ بە سوید و گرژی دیپلۆماسییەکانی نێوان سوید و چەند وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەوڵەتی سوید وێڕای ئاماژەدان بە یاساکانی ئازادی دەربڕین و کۆڕو کۆبونەوەی ئەو وڵاتەی کە لە ڕووی دەستوورییەوە پارێزراون، ئیدانەی سوکایەتیکردنی بە قورئان کردووە.

لە مانگی حەوت خۆپیشاندەران لە عێڕاق دووجار هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا.

هەروەها لە کۆمەڵێک وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نوێنەرانی سوید بانگ کراون بۆ ناڕەزایی دەربڕین.

لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا، دەزگای هەواڵگری سوید ئاستی هۆشداریی هێرشی تیرۆریستی بۆ پلەی چوار بەرزکردەوە لەسەر پێوەرێکی پێنج و ئاماژەی بەوەدا کە سوید "لە ئامانجێکی ئاسایی بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانەوە گۆڕاوە بۆ ئەوەی بە ئامانجێکی سەرەکی هەژمار بکرێت".

هەروەها سوید بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی هەشتدا کۆنترۆڵی سنوورەکان زیاتر بکات.

لە کۆتایی مانگی هەشت، وڵاتی دراوسێی دانیمارک -- کە بە هەمانشێوە چەندین جار تیایدا سوکایەتی بە قورئان کراوە، ڕایگەیاند پلانی هەیە سووتاندنی قورئان قەدەغە بکات.

هاوکات سوید بەڵێنی داوە بەدواداچوون بۆ ڕێگای یاسایی بکات بۆ ڕاگرتنی ناڕەزایەتییەکان کە پەیوەندییان بە سووتاندنی دەقەکانەوە هەیە لە هەندێک بارودۆخدا.

XS
SM
MD
LG