Accessibility links

هیندستان دوای ناردنی کەشتی ئاسمانی بۆسەر مانگ،  پشکنەرێک بۆ لێکۆڵینەوە لە خۆر هەڵدەدات


هیندستان چەند ڕۆژێک دوای نیشتنەوەی سەرکەوتووانەی کەشتییە ئاسمانییەکەی لەسەر مانگ، بە سەرکەوتوویش پشکنەرێکی خۆر هەڵدەداتە واڵایی ئاسمان.

کەشتی ئاسمانی ئادیتیا-ئێڵ وان(Aditya-L1) لە شوێنی هەڵدانی سریهاریکۆتا لە کەنارەکانی کەنداوی بەنگالەوە ڕۆژی شەممە،2ی ئەم مانگە هەڵدرایە واڵایی ئاسمان. ئادیتیا یەک ملیۆن و 500 هەزار کیلۆمەتر لە زەویەوە دوور دەکەوێتەوە کە ئەمەش یەکسانە بە لەسەدا یەکی مەودای نێوان زەوی و خۆر.

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی هیندستان ڕایدەگەیەنێت پشکێنەرەکە چوار مانگی دەوێت بۆ بڕینی ڕێگای مەبەست.

بەپێی پێشبینییەکان، کاتێک کەشتییە ئاسمانییەکەی ئادیتیا دەگاتە شوێنی مەبەست، دەتوانێت بە خێرایی یەکسان بە خێرایی زەوی بەدەوری خۆردا بسوڕێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستی بە سووتەمەنییەکی زۆر نابێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگای توێژینەوەی واڵایی ئاسمانی هیندستان پێشکەشی کردووە، کەشتی ئاسمانی ئادیتیا چەند ئامێرێکی زانستی هەڵگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆرۆنا (چینی دەرەوەی خۆر)، فۆتۆسفێر (ڕووی خۆر) و کرۆمۆسفێر (چینی پلازما لە نێوان کۆرۆنا و فۆتۆسفێر). پێشبینی دەکرێت ئەنجامی ئەم توێژینەوەیانە ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی باشتر لە چالاکییەکانی خۆر، بەتایبەتی بای خۆر و بڵێسەی خۆر و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەشوهەوای زەوی.

لە ئێستادا هیندستان زیاتر لە 50 مانگی دەستکردی لە واڵایی ئاسماندا هەیە و بەکاریان دەهێنێت بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا و لێکۆڵینەوە لە دیاردەکانی وەک وشکەساڵی و پیسبوونی ژینگە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG