Accessibility links

ئاسایشی هەولێر بۆ VOA: ستایشکردنی سەدام لە هەولێر "کوفرە"


لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا چاودێرێکی ئاسایش دەردەکەوێت کە گوایە لە هەولێرەوە ستایشی سەدام حسێن دەکات و بە "پاڵەوان و شەهید" ناوی دەبات، وتەبێژی ئاسایشی هەولێرش لەم بارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند بەدواداچوون بۆ ناسنامەی کەسە دەکەن چونکە پێداهەڵدانی سەدام لە هەولێر قەدەغەیە.

عەقید ئەردەڵان، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ستایشکردنی سەدام لە هەولێرەوە وەکو کوفر وایە. ئێمە بە دواداچوون بۆ ناسنامەی ئەو کەسە دەکەین، بزانین ڕاستە لە هەولێرەوە قسەیکردووە. گەر وابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت."

لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئەل عەهدی عێراقی کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پێشکەشکرا، یەکێک لە بەشداربوانی بەرنامەکە دەردەکەوێت بە ناوی ڕەبیع ئەل جەواری کە گوایە لە شاری هەولێرەوە وەکو چاودێری ئاسایش بەشدارە.

ستایشەکەی ئەو چاودێرە لە خولەکی 32ی بەرنامەکە دەستپێدەکات ئەو کاتەی میوانێکی تری بەرنامەکە بەناوی دکتۆر حەیدەر دەڵێت "نەفرەت لە سەدام حسێن و ئەوانەشی کە بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیریان کردووە." لەو کاتەدا ڕەبیع ئەل جەواری بەمە توڕە دەبێت و وەڵامدەداتەوەو دەڵێت،"نەفرەتی خوا لە تۆ. پێڵاوی سەدام حسێن لە تۆ شەریفترە. نەفرەت مەکە لە سەدامی پاڵەوان. سەدام شەهیدە."

لە کاتێکدا پێشکەشکاری بەرنامەکە هەوڵدەدات گرژەیکان ڕادەگرێت، ڕەبیع ئەل جەواری بەردەوام دەبێت لە ستایشکردنی سەرۆکی رژێمی بەعس و بەشداربووەکەی تریش دەڵێت، "بەداخەوە پارتی دیموکراتی ڕێگەدەدات لە هەولێرەوە بەم شێوەیە ستایشی سەدام بکرێت."

وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "مەرج نییە ئەو کەسەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ستایشی سەدام حسێنی کردووە لە هەولێرەوە قسەی کردبێت. ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ لەکەدارکردنی هەولێر."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرەوە کرد، بەڵام بێ ئاگایی خۆی لەبەرنامەکە نیشاندا.

کەنعان خەیلانی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕاگەیاندن هێندە فراوانبووە، کۆنترۆڵ ناکرێت. قابیلی قەبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردووە."

هەروەها وتیشی،" دەبێت دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بکەن، چونکە بەعس بە یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە و ستایشکردنی نایاسایی و نا ئەخلاقییە."

لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی جیاواز بڵاوکراوەتەوە کە تێیاندا ستایشی سەدام دەکرێت.

پێشتر لە مانگی 11ی ساڵی 2021 پارێزگاری هەولێر رایگەیاند بڕیاریاندا بە داخستنی کافتریای پەرمى جیانۆ و دەستگیرکردنی خاوەنەکەی بەهۆی ئەوەی سرودی "زێڕە"ی تایبەت بە سەدام حسێنی لێدابوو.

لە بڕیارێکی هاوشێوەشدا، مانگی 7ی ساڵی ڕابردوو راگەیاندنی پارێزگای هەولێر وتی بە بڕیاری ئومێد خۆشناو، هۆتێل رۆزالین داخراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنی هۆتێلەکە دەستیپێکردووە بەهۆی ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەدام حسێن لەجیاتی لافیتەی بەخێرهێنانی میوانان لە هۆتێلەکە دانراوە.


چاودێران دەڵێن پێویستە بەرەنگاری ئەم جۆرە ڕووداوانە ببینەوە، بەتایبەت بۆ ڕێگەگرتن لە بریندارکردنی هەستی خێزان و کەسوکاری قوربانیانی دەستی ڕژێمی بەعس.

عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک لە لایەنە عێراقییەکان هەرێم بە پاڵپشتی بە عسییەکان تۆمەتبار دەکەن. گەر لە هەولێرەوە ستایشی سەدام حسێن بکرێت، ئەوا نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر ناوبانگی هەرێم دروست دەبێت."

XS
SM
MD
LG