Accessibility links

⁠ ئۆکرانیا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ڕووسیا دەستپێدەکات


ئۆکرانیا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر ڕووسیا دەستپێکرد، کە پێدەچێت بەرفراوانترین هێرشی کیێڤ بێت بۆ سەر خاکی ڕووسیا لەوەتای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا ئامانجیان شەش ناوچەی ڕووسیا بووە و یەکێکیان بەر فڕۆکەخانەیەکی نزیک سنووری ڕووسیا لەگەڵ ئیستۆنیا و لاتڤیا کەوتووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕووسیایی، تاس، لە زاری بەرپرسانی فریاکەوتنەوە بڵاویکردەوە، هێرشی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بووەتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگرێکی گەورە و زیانی بە چوار فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی ئیل-76 گەیاند، کە دەتوانن ئامێری قورس و سەرباز هەڵبگرن. ⁠

⁠بەرپرسان دەڵێن هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان زیاتر لە چوار کاتژمێریان خایاندووە، هەرچەندە هیچ بریندارێک و زیانێکی گیانی نەبووە.

تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن بەرپرسانی ئۆکرانیا نەدراوە، بەڵام کیێڤ بە دەگمەن بەرپرسیارێتی هێرشەکان لە ناوخۆیی ڕووسیا دەگرێتە ئەستۆ. ⁠

⁠لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی مۆسکۆ لە شەودا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک چەند ناوچەیەکی کیێڤیان کردە ئامانج کە بەرپرسانی ئۆکرانیا بە "هێرشێکی گەورە و تێکەڵاو" وەسفیان کرد و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

سێرگی پۆپکۆ، سەرۆکی بەڕێوەبەری سەربازی کیێڤ، هێرشی ڕووسیای بۆ سەر پایتەختی ئۆکرانیا بە گەورەترین هێرش لە دوای بەهارەوە وەسف کرد، تەنانەت لە کاتێکدا بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا زیاتر لە 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی خستە خوارەوە.

ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ لە ڕێگەی تێلێگرامەوە ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانەوە ئاگر لە چەند قەزایەک کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆری گەیاندووە.

ئۆکرانیا لەم دواییانەدا هێرشەکانی لە ناوخۆی ڕووسیادا چڕتر کردووەتەوە، لە کاتێکدا هێرشی بەرپەرچدانەوەی بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا بەدوای خۆیدا هێنا.

فڕۆکەخانەی ناوچەی پسکۆڤ لە ڕووسیا کە نزیکەی 700 کیلۆمەتر لە باکووری سنووری ئۆکرانیا دوورە، لە هێرشەکانی شەوی چوارشەممەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە و گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژە هەڵوەشانەوە.

هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا ناوچەی ئۆریۆلیان کردە ئامانج کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە باشووری مۆسکۆوە دوورە. ڕووسیا ڕایگەیاند، بەشێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی خستووەتە خوارەوە.

XS
SM
MD
LG