Accessibility links

یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی پارێزەری ژینا ئەمینی بەڕێوەدەچێت


ساڵح نیکبەخت
ساڵح نیکبەخت

یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دیاری کوردی دۆسیەی ژینا ئەمینی، ڕۆژی سێشەممە،29 ی مانگی هەشت لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە تاران بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژ بە کۆماری ئیسلامی" بەڕێوەچوو.

ساڵح نیکبەخت لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەم بارەوە گوتی "یەکەمین ڕۆژی دادگاییکردنەکە بە شێوەیەکی ناتەواو کۆتاییهات و دادوەر ڕێگای بە هیچ جۆرە بەرگریکردنێکی پارێزەرەکەم نەدا و گوتویەتی چوون گۆمانی لەسەر دۆسیەکە هەیە، دەبێت شارەزایەکی وەزارەتی ئیتلاعات قسەی لەسەر بکات و دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت."

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران مانگی 3ی ئەمساڵ ساڵح نیکبەختی بە "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی" تۆمەتبار کرد و پاشان دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئەو پارێزەرەی ئازاد کرد تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی.

بەڕێز نیکبەخت گوتیشی "ئەم سکاڵایە پەیوەندیدارە بە زنجیرە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ میدیاکان، لەنێویاندا دەنگی ئەمەریکا."

بە وتەی نیکبەخت، 9 لەو چاوپێکەوتنانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئەنجامی داوە، لە دۆسیەکەیدا لە دژی خراونەتەڕوو.

ساڵح نیکبەخت وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان گوتی تۆمەتێکی لەو شێوەیە بیانووە و زیاتر پەیوەندی بە وەرگرتنی دۆسیەی بنەماڵەی ژینا ئەمینیەوە هەیە لە لایەن منەوە و گوتیشی "ئەگەر بیانوو نەبێت، بۆ دەبێت چاوپێکەوتنێکی من کە لە ساڵی 2019 لە دژی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ئەنجامدراوە، لە ئێستادا بکرێت بە بەڵگە لە دژی من."

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی لە سەروبەندی ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران، حکومەت پێشبینی ئەوە دەکات جارێکیتر خۆپیشاندانەکان دەستپێبکاتەوە و هەر بۆیە دامەزراوە ئەمنی و ئاسایشییەکانی ئێران هەوڵ دەدەن لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنەوە بەر بە دەستپێکردنەوەیان بگرن.

ئەو ڕێکخراوە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بە دۆسیەی ساڵح نیکبەختەوە نووسیوێتی "پێدەچێت تۆمارکردنی دۆسیە لە دژی پارێزەر نیکبەخت پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە تا ئێستا ڕەتیکردوەتەوە لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆنی پزیشکی دادوەری ئێران سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژینا قبوڵ بکات و ئەو پارێزەرە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک دەکات بە ئامادەبوونی چەند پزیشکێکی جێگای متمانەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی."

ساڵح نیکبەخت، پارێزەری دیاری کورد کە زیاتر لە چل ساڵە کاری پارێزەری دەکات، چەندین دۆسیەی بەناوبانگ و گەورەی لە ئێران لە ئەستۆ گرتووە و بووە بە پارێزەری زۆرێک لە چالاکوانانی کورد و عەرەب و تورک لە ئێراندا و زیاتر لە 30 کەسی لە سێدارە ڕزگار کردووە.

بەڕێز نیکبەخت چ پێش شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران و چ دوای شۆڕشیش چەندن جار لە لایەن دەزگا و هێزە ئاسایشییەکانەوە بانگهێشتکراوە و8 ساڵ لە تەمەنی خۆی بە تۆمەتی سیاسی لە زینداندا بەسەر بردووە.

XS
SM
MD
LG