Accessibility links

ئێران ڕایدەگەیەنێت عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر چەکداماڵین و گواستنەوەی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕادەگەیەنێت، ئێران و عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەوەی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە، لە مانگی داهاتوودا چەکیان پێدابنرێت و بگوازرێنەوە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا ڕایگەیاند "ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و عێراقدا کراوە کە تێیدا عێراق پابەند بووە بە چەکداماڵینی جوداخوازە چەکدارەکان و گروپە تیرۆریستییەکان کە لە خاکی عێراقدان و داخستنی بنکەکانیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی دیکە پێش 19ی مانگی 9 ی ئەمساڵ."

کەنعانی ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چەکدارەکان بۆ کوێ دەگوازرێنەوە. و هەتا ئێستاش لایەنی عێراقی لەم بارەیەوە هیچی نەگوتووە.

ئێران لە مێژە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەوە تۆمەتبار دەکات کە گوایە داڵدەی ئەو گروپانە دەدات کە لەوێوە هێرشەکانیان دژ بە کۆماری ئیسلامی بکەن لە کاتێکدا سوپای پاسداران چەندین جار بنکەکانی ئەو هێزانەیان کردووەتە ئامانج.

لە مانگی 9 ی ساڵی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگای لایەنە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناو خاکی هەرێمدا و بەپێی ڕاپۆرتی دەسەڵاتدارانی خۆجێیی 13 کەس کوژران.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو هێرشانەی شەرمەزار کردبوو. هێزی سەربازی و هێزی پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە بە" تیرۆریست " ناوزەندیان دەکەن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG